‌ئەندازیارێکی کورد بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک دەچێتە ڕیزبەندی باشترین ٢٪ی زانایانی جیهان

وێستگە ستایل-

ئەندازیارێکی کورد بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک دەچێتە ڕیزبەندی باشترین ٢٪ی زانایانی جیهان


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لە دەستکەوتێکی زانستیی نوێدا بۆ کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە لە هەرێمی کوردستان، مامۆستایەکی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنۆلۆجیا بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەک (2025 - 2026) لە لایەن زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکییەوە وەک یەکێک لە باشترین ٢٪ی زانایانی جیهان لە بواری ئەندازیاریی ژینگەدا هەڵبژێردرا.


ئەم پۆلێنکردنە بەشێکە لە هەڵسەنگاندنە ساڵانە نێودەوڵەتییەکەی زانکۆی ستانفۆرد بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی بڵاوکردنەوەی ئێڵسڤییەر (Elsevier)، کە تێیدا لەسەر بنەمای داتابەیسی جیهانیی سکۆپەس (Scopus)، کاریگەرترین ١٠٠ هەزار زانای جیهان لەنێو ٢٢ بواری سەرەکی و ١٧٤ بواری لاوەکیدا دەستنیشان دەکرێن.


دەستنیشانکردنی ناوبراو پشتبەست بە نمرەی پێکهاتوو (Composite Score) هاتووە، کە پێوەرەکانی وەک ژمارەی ئاماژەپێدانەکان (Citations)، هاوکۆلکەی H-index و Hm-index، و ئاستی بەشداریکردنی وەک نووسەری سەرەکی لەبەرچاو گرتووە. ناوبراو خاوەنی ٥٨ توێژینەوەی بڵاوکراوە و دوو کتێبی زانستییە لە گۆڤارە ئاستبەرزەکانی جیهان، هەروەها توێژینەوەکانی زیاتر لە ١,٩١١ جار وەک سەرچاوەی زانستی لە لایەن توێژەرانی نێودەوڵەتییەوە ئاماژەیان پێ کراوە.


سەرمەد دەشتی لەتیف، مامۆستای بەشی ئەندازیاریی شارستانییە لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنۆلۆجیا؛ بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری ئەندازیاریی شارستانی و سەرچاوەکانی ئاو لە زانکۆی تێناگا ناشناڵ لە مالیزیا بەدەستهێناوە. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٢٣ پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق لە بواری لێشاوی ئاوی بەنداوەکان تۆمار کردووە، هاوکات وەک ئیدیتەر لە چەندین گۆڤاری زانستیی سەر بە دەزگاکانی سپرینگەر نەیچەر (Springer Nature) و وایلی (Wiley) خزمەت دەکات و ئەزموونی ئەندازیاریی لە کەرتی تایبەتیشدا هەیە.


ئەم دەستکەوتە جیهانییە بەڵگەی بەرزبوونەوەی ئاستی زانستیی مامۆستایان و توێژەرانی کوردستانە لە کێبڕکێکردن لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمییە ئەوروپی و ئەمریکییەکاندا، هاوکات دەبێتە هاندەر و ئیلهامبەخش بۆ خوێندکاران و گەنجانی توێژەر تا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا شوێندەستی زانستیی خۆیان بەجێبهێڵن.


سەرچاوە: زانکۆی ستانفۆرد بە هاوبەشی لەگەڵ داتابەیسی ئێڵسڤییەر - سکۆپەس، زانکۆی

کۆمار بۆ زانست و تەکنۆلۆجیا.


PM:10:27:14/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل