‌چێنەر نزار پەیکەرێکی نوێ بۆ پێشەوا قازی محەممەد لە کەرکووک دروستدەکاتەوە

وێستگە ستایل-

چێنەر نزار پەیکەرێکی نوێ بۆ پێشەوا قازی محەممەد لە کەرکووک دروستدەکاتەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


چێنەر نزار، پەیکەرسازی ناسراوی کورد، سەرلەنوێ دروستکردنەوەی پەیکەری پێشەوا قازی محەممەد لە شاری کەرکووک ڕادەگەیەنێت، ئەمەش دوای ئەوەی پەیکەرە کۆنەکە بەهۆی تێکچوونی شێوەکەیەوە پێویستی بە نوێکردنەوە و دەستکاریکردن هەبوو.


ئەم دەستپێشخەرییە هونەرییە پاش ئەوە دێت کە پەیکەری پێشووی قازی محەممەد لە بەردەم ئامادەیی قازی محەممەدی کوڕان لە کەرکووک بەهۆی تێپەڕبوونی کات و کێشەی تەکنیکییەوە شێوەکەی تێکچوو، بە جۆرێک نۆژەنکردنەوەی سادە بەس نەبوو و بڕیاردرا بە شێوەیەکی نوێ و شایستە دروستبکرێتەوە.


لەبارەی وردەکاریی کارەکەوە، چێنەر نزار ئاشکرای کرد کە بڕیاریداوە کارێکی نوێ ئەنجام بدات بە کواڵێتییەکی زۆر بەرزتر لە نموونە  بنەڕەتییەکەی و لە ئێستاشدا دروستکردنی پەیکەرەکە لە قۆناغی سەرەتاییدایە. ناوبراو لەو بارەیەوە جەختی لەسەر بەردەوامی لە خزمەتکردنی کەسایەتییە نەتەوەییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "هەمیشە بە شانازییەوە ئامادەییم هەیە کە بە هونەرەکەم، ڕێز لە کەسایەتییە گرنگەکانی نێو مێژووی کورد و کوردستان بگرم."


دانانی پەیکەری کەڵەپیاوان و پێشەوایانی کورد لە بەردەم ناوەندەکانی خوێندندا گرنگییەکی پەروەردەیی و نیشتمانیی تایبەتی هەیە، پێشەوا قازی محەممەدیش وەک سیمبولی کۆماری کوردستان و ڕابەرێکی مەزن لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا هەمیشە جێگەی بایەخ و ڕێزی گشتی بووە.


چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی داڕشتن و تاشین، ئەم پەیکەرە نوێیە بە دیزاین و کواڵێتییەکی بەرز لە هەمان شوێنی پێشووی لە شاری کەرکووک پەردەی لەسەر لاببرێت.


هەژماری فەرمیی چێنەر نزار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک


PM:02:42:13/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل