‌یاسین قادر بەرزنجی؛ پەنجا ساڵ بەخشین لە کایەی شانۆ، کتێبخانە و ڕۆژنامەوانیی کوردیدا

وێستگە ستایل-

یاسین قادر بەرزنجی؛ پەنجا ساڵ بەخشین لە کایەی شانۆ، کتێبخانە و ڕۆژنامەوانیی کوردیدا


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


یاسین قادر بەرزنجی، ئەکتەر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری کورد، یەکێکە لەو کەسایەتییە فرەبەهرە و سەرکەوتووانەی کە لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە تەمەنی کاروانیبمەعریفی و هونەریی خۆیدا، بەشداریی لە دەیان  شانۆیی و درامی و فیلمدا کردووە، هاوکات بە چاپکردنی ۳٦ کتێب لە کایە جیاوازەکان و خزمەتکردن لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا، ناوی خۆی لە مێژووی هاوچەرخی کولتووری کوردیدا تۆمار کردووە.


ئەم ڕۆشنبیرە کارامەیە سەرەتای دەرکەوتنی بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە پێی خستە نێو کایەی نواندن و نووسین. لە پاڵ کاری هونەریشدا بۆ ماوەی زیاتر لە ٤۰ ساڵ لە کتێبخانەی مۆزەخانە و کتێبخانەی گشتیی سلێمانی وەک فەرمانبەر، بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و بە پلەی شارەزا خزمەتی کردووە تا گەیشتنی بە قۆناغی خانەنشینی. لە بواری ڕۆژنامەگەریشدا لە دەستەی نووسەرانی یەکەمی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) و بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی (هەرێمی کوردستان) بووە، جیا لەوەی سەرنووسەری و سەرپەرشتی گۆڤارە پڕبایاخەکانی وەک (شاکار)، (شانۆ) و (ڕۆژنامەنووسان)ی لەئەستۆ گرتووە.


لە کارنامە هونەرییە دەوڵەمەندەکەیدا، ناوبراو بەشداریی لە زیاتر لە ۱۰۰ کاری شانۆیی، درامی، تەلەفزیۆنی و فیلمی سینەماییدا کردووە؛ لە بەرهەمە سەرەتاکانی وەک (پیری کوردپەروەر) و (کاوەی ئاسنگەر)ەوە تا دەگاتە شانۆگەریی ناوداری (فایلی ٦۷) کە خەڵاتی باشترین ئەکتەری ساڵی ۱۹۷٦ی پێ بەخشی. پاشان بە ڕۆڵی مێژوویی بەخەشێت لە شانۆیی (مۆڵەت) و کارەکانی وەک (خەج و سیامەند، ڕاپۆرت، تەنەکە، دادگا، خەونەکانی یوسف، نیگای خۆکوژێک و دۆستانی کتێب) ناوبانگی بڵاوبووەوە. لە سینەمادا لە یەکەمین فیلمی درێژی کوردی بە ناوی (نێرگز بووکی کوردستان) و دواتریش فیلمی (پردێک بۆ هەمیشەیی) دەرکەوت. لە زنجیرە دراماکانیشدا بە ڕۆڵەکانی لە (ژیلەمۆ، خەمی چۆلەکەکان، گەردەلوول، ڕەشەی پۆلیس، شەوچەرە، ئارەزوو، ڕۆژمێری شارێک) و درامای (بەختەباران) بە ڕۆڵی دیدەوان، یادگارییەکی قووڵی لای بینەران بەجێهێشتووە. لە کایەی نووسین و ئەدەبیشدا خاوەنی ۳٦ کتێبی چاپکراوە لە بوارەکانی شانۆنامە، تیۆریی دراما، زانستی کتێبخانە و چیرۆکی وەرگێڕدراوی منداڵان، وەک (مەرگی وەنەوشە)، (ئەکتەرە کوردەکان)، (چاوەکانی تابان) و (هونەری دراما).


یاسین قادر بەرزنجی لە ۱۰ی تشرینی دووەمی ۱۹٥٦ لە گەڕەکی سابونکەرانی سلێمانی لەدایکبووە. باوکی لە کەسایەتییە دیارەکانی گوندی بەرزنجە و دایکیشی کۆچکردوو خاتوو فاتیمە خان، کچی زانا و شاعیری ناسراو مەلا مستەفای سەفوەت بووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆی لە سلێمانی تەواو کردووە، دواتریش بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی (۲۰۰٤ - ۲۰۰۸) بەدەستهێناوە. لە ساڵی ۱۹۸۱ ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتوو (سوهام) پێکهێناوە و باوکی سێ منداڵە (ڕاستی، ڕەوەز و شانۆ). لە ڕووی پیشەیی و سەندیکاییەوە، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری تیپی شانۆیی سالار، سەرۆکی پێشووی لقی سلێمانیی سەندیکای هونەرمەندان و ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان بووە.


کۆکردنەوەی ڕۆڵی نواندن لەسەر تەختەی شانۆ و شاشەی تەلەفزیۆن، لە پاڵ دەیان ساڵ خزمەتکردن بە ڕەفەی کتێبخانەکان و نووسینی دەیان بەرگی چاپکراو، یاسین قادر بەرزنجی کردووەتە نموونەی دەگمەنی ئەو ڕۆشنبیرانەی کە هەموو تەمەنی خۆیان لەپێناو بەرزڕاگرتنی هونەر، ئەدەب و ڕۆشنبیریی نەتەوەکەیاندا بەخشی.


ئەرشیفی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی؛ تۆماری بەرهەمە چاپکراوەکانی نووسەر (۱۹۸۰ -

۲۰۱٥)؛ ئەرشیفی تیپی شانۆیی پێشڕەو و تیپی شانۆیی سالار؛ چاوپێکەوتن و بەڵگەنامە تۆمارکراوەکانی لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ و سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان.


PM:10:16:02/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل