‌ستارلینک دەگاتە هەرێمی کوردستان؛ سپەیس ئێکس و حکومەت کۆبوونەوە

وێستگە ستایل-

ستارلینک دەگاتە هەرێمی کوردستان؛ سپەیس ئێکس و حکومەت کۆبوونەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئەمریکی هەنگاوە فەرمییەکانی بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی "ستارلینک" بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، ئەمەش دوای پێشکەشکردنی داوایەکی فەرمی بە حکومەتی هەرێم بۆ دەستپێکردنی کارەکانی لە ناوچەکەدا.


وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم ئاشکرای کرد، دوای زنجیرەیەک پەیوەندی ئەلیکترۆنی، لە ڕێکەوتی 30/6/2026 کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە نێوان ستافی تەکنیکی و کارگێڕی سپەیس ئێکس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکە.


لە کۆبوونەوەکەدا شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن، بەڕێوەبەری یاسایی، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر و نوێنەری دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەشداربوون، لە بەرامبەردا نوێنەرانی سپەیس ئێکس بریتی بوون لە سەرپەرشتیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێپرسراوی وەرگرتنی ڕێگەپێدانی فەرمی کۆمپانیاکە.


تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە خستنەڕووی مەرج و ڕێکارە یاسایی و داراییەکانی وەزارەت، حکومەتی هەرێم جەختی کردووەتەوە کە پێویستە کۆمپانیاکە پابەندی ئەو ڕێسا و مەرجانە بێت کە بەرژەوەندیی سەرەکی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت و کوالێتی خزمەتگوزارییەکە گەرەنتی دەکات.


وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە دابینکردنی ئینتەرنێتی ستارلینک دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ فەراهەمکردنی فرەچەشنی و خێرایی ئینتەرنێت لە هەرێمدا، بڕیاریشە دوای جێگیرکردنی ڕێنماییە تەکنیکییەکان خزمەتگوزارییەکە بە فەرمی کارا بکرێت.


ڕاگەیەندراوی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن


AM:11:31:14/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل