پڕۆژەی "گڵکۆی ناودارانی کورد" گەیشتە دیمەشق؛ مەزارگەی سەڵاحەددینی ئەیوبی بە
شێوەیەکی زانستی ئەرشیف دەکرێت
وێستگە ستایل-
پڕۆژەی "گڵکۆی ناودارانی کورد" گەیشتە دیمەشق؛ مەزارگەی سەڵاحەددینی ئەیوبی بە
شێوەیەکی زانستی ئەرشیف دەکرێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی میرات و ناسنامەی نەتەوەیی، پڕۆژەی
نیشتمانیی "تۆمارکردنی گڵکۆی ناودارانی کورد" کە لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی
مەدەنییەت (CDO) سەرپەرشتی دەکرێت، هەنگاوێکی مێژوویی نا و گەیشتە شاری دیمەشقی
پایتەختی سووریا. ئەم قۆناغە نوێیەی پڕۆژەکە ئامانجی کۆکردنەوە و دۆکیۆمێنتکردنی
وردی ئەو شوێنەوارە مێژووییانەیە کە گەواهی لەسەر ڕۆڵی گەورەی کەسایەتییە
کوردەکان لە مێژووی ناوچەکەدا دەدەن، ئەمەش وەک هەوڵێکی نیشتمانی بۆ
دروستکردنی ئەرشیفێکی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەم دەستپێشخەرییە کە بە هەماهەنگی و پشتیوانیی میدیایی کەناڵ8 بەڕێوەدەچێت، لە
ئێستادا تیمی پسپۆڕی خۆی لە سووریا جێگیر کردووە تاوەکو سەرجەم ئەو پێگە
مێژووییانەی کە ناودارانی کوردیان تێدا نێژراوە، بە وێنە و ڤیدیۆ و زانیاری
ورد تۆمار بکەن. ئەم هاوکارییە میدیایی و ڕێکخراوەییە بووەتە هۆی ئەوەی پڕۆژەکە
ببێتە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە کولتوورییەکانی ساڵ و بتوانێت دەست بگەیەنێتە
ئەو ناوچە مێژووییانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئەرشیفی کوردیدا فەرامۆش کرابوون،
بە تایبەت لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.
یەکێک لە دیارترین ئەو پێگە مێژووییانەی کە تیمەکە لە شاری دیمەشق کاری لەسەر
دەکەن، مەزارگەی سەرکردەی ناوداری جیهانی، سەڵاحەددینی ئەیوبییە کە دەکەوێتە
نزیک مزگەوتی ئەمەوییەوە. بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکانی تیمی پڕۆژەکە، ئەم
مەزارە مێژووییە دوو گۆڕ لەخۆدەگرێت؛ یەکەمیان گۆڕی ڕەسەنی سەڵاحەددینی
ئەیوبییە، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە بوونی تابوتێکی دیکەی بەتاڵە لە تەنیشت
گۆڕەکەدا. ئەم تابوتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1898، کاتێک ئیمپراتۆری
ئەڵمانی "ویلیامی دووەم" لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق، وەک ڕێزێک بۆ شکۆ
و مەزنی سەڵاحەددین، ئەو تابوتە نایابەی پێشکەش بە مەزارەکە کردووە و تا ئێستا وەک
شوێنەوارێکی گرنگ پارێزراوە.
پڕۆژەی گڵکۆی ناودارانی کورد، پڕۆژەیەکی گشتگیر و زانستییە کە ڕێکخراوی CDO لە
پێناو پاراستنی مێژووی کورد دایڕشتووە. پڕۆژەکە کە ئێستا لە قۆناغی
جێبەجێکردنی مەیدانی دایە، لە شاری سلێمانییەوە وەک ناوەندی دەستپێک
دەستیپێکرد و بڕیارە لە سێ بەشی سەرەکیدا سەرجەم ئەو کەسایەتییە ناودارانە لەخۆ
بگرێت کە لە بوارەکانی سیاسەت، ئەدەب، ئایین و جەنگدا خزمەتیان بە گەلی کورد
کردووە. تیمەکە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە بە وردترین شێوە زانیارییەکان ئەرشیف
بکەن تاوەکو لە داهاتوودا وەک سەرچاوەیەکی فەرمی بۆ توێژەران و مێژوونووسان بەردەست
بێت.
ئەم هەنگاوەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە مێژووی
کورد تەنها لە ناوخۆی کوردستاندا قەتیس نەبووە، بەڵکو لە زۆربەی پایتەختە
گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسەواری گەورەی بەجێهێشتووە. کۆتاییهێنان
بەم پڕۆژەیە و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی، دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ کتێبخانەی
کوردی و وەک دیواربەندێک دەبێت لە بەرامبەر ونبوونی ناسنامەی مێژوویی ئەو سەرکردە
و ناودارانەی کە لە دەرەوەی خاکی خۆیان نێژراون.
ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت (CDO) - مەکتەبی ڕاگەیاندن
PM:11:00:09/05/2026
ئهم بابهته 180
جار خوێنراوهتهوه