ڤلادیمیر نابۆکۆڤ؛ ئەو نووسەرەی بە رۆمانە قەدەغەکراوەکانی جیهانی هەژاند و
پەپوولەکانی کردە مێژوو
وێستگە ستایل-
ڤلادیمیر نابۆکۆڤ؛ ئەو نووسەرەی بە رۆمانە قەدەغەکراوەکانی جیهانی هەژاند و
پەپوولەکانی کردە مێژوو
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
گەرچی زۆربەی بەرهەمەکانی بەهۆی دەستپێوەبردنی پرسە هەستیار و قەدەغەکراوەکانی ناو
کۆمەڵگەوە بەردەوام رووبەڕووی رەخنەی توند بوونەتەوە، بەڵام ڤلادیمیر نابۆکۆڤ
توانیویەتی پێگەی خۆی وەک یەکێک لە باشترین و لێهاتووترین رۆماننووسەکانی
رووسیا و جیهان بچەسپێنێت. ناوی نابۆکۆڤ لە مێژووی ئەدەبیاتی هاوچەرخدا بە
یەکێک لە پڕکێشەترین و لە هەمان کاتدا بەناوبانگترین رۆمانەکانەوە گرێدراوە کە
ئەویش "لۆلیتا"یە، کە تێیدا نابۆکۆڤ توانیویەتی بە زمانێکی ئەدەبیی بەرز باس لە
بابەتێک بکات کە تاوەکو ئێستاش مشتومڕی زۆری لەسەرە. ئەم نووسەرە هەمیشە وەک
کەسایەتییەکی جیهانی خۆی ناساندووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو نووسەرێکی
ئەمریکییە بە رەچەڵەک رووسی، لە بەڕیتانیا پەروەردە بووە و لە فەڕەنسا ئەدەبیاتی
خوێندووە، هەروەها بۆ ماوەی 15 ساڵیش لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیانی بەسەر بردووە، ئەمەش
وای کردووە دیدێکی فرەڕەهەندی بۆ ژیان و ئەدەب هەبێت.
نابۆکۆڤ لە ساڵی 1899 لە شاری سان پیتەرسبۆرگی وڵاتی رووسیا لەدایکبووە و هەر
لەوێشەوە یەکەمین هەنگاوە ئەدەبییەکانی دەستپێکردووە. ئەو لە سەرەتای ژیانی
ئەدەبیدا نۆ رۆمانی بە زمانی رووسی نووسیوە، بەڵام دواتر بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسی
و کۆمەڵایەتییەکانەوە رووی لە شاری بەرلین کردووە و لەوێ ژیانی هاوژینیی پێکەوە
ناوە. ژیانی نابۆکۆڤ تەنها لەناو کاغەز و کتێبەکاندا کورت نەدەبووەوە، بەڵکو
ئەو خاوەنی خولیایەکی زۆر سەیر و دەگمەن بووە کە ئەویش کۆکردنەوەی پەپوولە بووە.
بەگوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەکان، نابۆکۆڤ خاوەنی پتر لە چوار هەزار جۆری جیاوازی
پەپوولە بووە و لەو ژمارەیەش 20 جۆری نوێی پەپوولە لەسەر دەستی ئەو
دۆزراونەتەوە، کە دواتر وەک نیشانەیەک بۆ داهێنانە ئەدەبییەکانی، ناوی
کارەکتەرە رۆمانەکانی لەو پەپوولە نوێیانە ناوە.
یەکێک لە نهێنییە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانی ئەم نووسەرە ئەوە بووە کە تووشی حاڵەتێکی
دەماریی دەگمەن بووە بەناوی "سینیستیژا". ئەم حاڵەتە وای لە نابۆکۆڤ کردووە کە
هەستە جیاوازەکانی تێکەڵ ببن، بۆ نموونە ئەو دەیتوانی گوێی لە ڕەنگەکان بێت یان
بۆنی پیتەکان بکات. ئەم تایبەتمەندییە یارمەتیدەرێکی گەورەی بووە لەوەی کە پیتەکان
بە رەنگەکانەوە ببەستێتەوە و خەیاڵدانێکی ئەوەندە فراوانی هەبێت کە بتوانێت وەسفی
ورد و جیاواز لە رۆمانەکانیدا بەرجەستە بکات، ئەمەش وای کردووە شێوازی نووسینی
زۆر لە نووسەرانی دیکە جیاواز بێت و خوێنەر بەرەو جیهانێکی پڕ لە رەنگ و هەست
ببات و وێنەیەکی جیاواز لە خەیاڵیدا دروست بکات.
لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا، نابۆکۆڤ داوایەکی سەیر و نامۆی هەبوو، ئەویش سووتاندنی
دواین رۆمانی بوو بەناونیشانی "The Original of Laura"، بەڵام پاش مردنی لە
ساڵی 1977، هاوژینەکەی نەیویست ئەو سامانە ئەدەبییە لەناو ببات و وەسیەتەکەی
جێبەجێ نەکرد. تەنانەت کاتێک هاوژینەکەشی لە لێواری مەرگدا بوو، داوای لە
کوڕەکەیان کرد کە رۆمانەکە بسووتێنێت، بەڵام کوڕەکەشی بە هەمان شێوە نەیویست
ئەو کارە بکات و دواجار دوای تێپەڕبوونی 32 ساڵ بەسەر مەرگی نابۆکۆڤدا، رۆمانەکە
چاپکرا و وەک دیارییەک پێشکەش بە جیهانی ئەدەب کرا. ئەم پێداگرییەی خێزانەکەی
نیشانەی ئەوە بوو کە کارەکانی نابۆکۆڤ هێندە بەبایەخن نابێت رێگە بدرێت فەوتان
روویان تێ بکات.
ئەمڕۆ ناوی نابۆکۆڤ نەک تەنها وەک نووسەر، بەڵکو وەک خەڵاتێکی جیهانیی گەورە
ماوەتەوە. خەڵاتی "پێن/نابۆکۆڤ" یەکێکە لە دیارترین خەڵاتە ئەدەبییە
نێودەوڵەتییەکان کە ساڵانە بڕی 50 هەزار دۆلار دەبەخشێتە ئەو نووسەرانەی
خاوەن داهێنانی وەرچەرخێنەرن. نابۆکۆڤ لە ماوەی تەمەنیدا 42 کتێبی لە ژانرا
جیاوازەکاندا نووسیوە، کە هەندێکیان وەک "پێکەنین لە تاریکیدا 1932"،
"شکۆ 1932"، "دیاری 1938"، "لۆلیتا 1955" و "ئاگرە کاڵەکە 1962" تاوەکو ئێستاش
وەک شاکاری جیهانی دەخوێندرێنەوە. ئەم نووسەرە گەورەیە لە رێکەوتی 2ی تەممووزی
ساڵی 1977 و لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەڵام جێدەستی لەسەر ئەدەبیاتی
جیهان بە هەمیشەیی بە زیندوویی مایەوە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی ئەدەبیاتی جیهانی و ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا
PM:09:31:23/04/2026
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه