‌کۆچی دوایی خانمە ئەکتەری دیاری کوەیت حەیات فەهد؛ کۆتایی گەشتە هونەرییە پڕ سەروەرییەکەی "خانمی شاشەی کەنداو"

وێستگە ستایل-

کۆچی دوایی خانمە ئەکتەری دیاری کوەیت حەیات فەهد؛ کۆتایی گەشتە هونەرییە پڕ سەروەرییەکەی "خانمی شاشەی کەنداو"


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


دوای ململانێیەکی سەخت و درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، حەیات فەهد، خانمە هونەرمەند و یەکێک لە ئەکتەرە هەرە دیارەکانی وڵاتی کوەیت و ناوچەی کەنداو، ماڵئاوایی لە ژیان و دنیای هونەر کرد. کۆچی دوایی ئەم خانمە ئەستێرەیە نەک تەنها لە کوەیت، بەڵکو لە تەواوی جیهانی عەرەبیدا کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و هەمووانی خەمبار کرد.


ئێستا ناوی حەیات فەهد لە سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە ترێندی یەکەم. هەواڵی کۆچی دواییەکەی لە تەمەنی 78 ساڵیدا، دوای ئەوە هات کە لە ڕێکەوتی 21ی نیساندا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گیانی لەدەستدا. ئەم خانمە وەک یەکێک لە پایە گرنگەکانی درامای کەنداوی عەرەبی دادەنرا.


بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییە عەرەبییەکان، باری تەندروستی حەیات فەهد لە ساڵی 2025ەوە ڕووی لە خراپی کردووە، دوای ئەوەی دوو جار تووشی جەڵتەی مێشک بوو. هەرچەندە بۆ ماوەیەکی زۆر لە وڵاتی بەریتانیا چارەسەری وەرگرت، بەڵام جەڵتەکان کاریگەریی قووڵیان لەسەر بەجێهێشت و بوونە هۆی لەدەستدانی جووڵە و ئاگایی، تا دواجار بە هەمان نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

حەیات فەهد گەشتە هونەرییەکەی لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستپێکرد، بە دیاریکراوی لە ساڵی 1962 لە ڕێگەی زنجیرەی "خێزانی ئەبو جەسوم". هەرچەندە لە سەرەتادا ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توندی خێزانەکەی بووەوە بۆ کارکردن لە بواری نواندندا، بەڵام توانی بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە جێپەنجەی خۆی دیاری بکات و ببێتە یەکێک لە پێشەنگەکانی شانۆ و تەلەڤیزیۆنی ناوچەکە.


هونەرمەندان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی کوەیت و کەنداو بە خەمێکی قووڵەوە سەرەخۆشییان ڕاگەیاند و دووپاتیان کردەوە کە حەیات فەهد میراتێکی هونەریی دەوڵەمەندی بۆ نەوەکانی داهاتوو جێهێشتووە. ئەو تەنها ئەکتەر نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەک بوو لە نواندن و گوزارشتکردن لە ئازار و کێشەکانی کۆمەڵگە.


سەرچاوە: میدیاکانی کوەیت و سەرچاوە هەواڵییەکانی کەنداو


PM:09:26:21/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل