هەنگاوێکی مێژوویی لە پاریس؛ فەڕەنسا یاسای گەڕاندنەوەی شوێنەوارە دزراوەکان بۆ وڵاتە ڕەسەنەکانیان پەسەند دەکات
وێستگە ستایل-
هەنگاوێکی مێژوویی لە پاریس؛ فەڕەنسا یاسای گەڕاندنەوەی شوێنەوارە دزراوەکان بۆ وڵاتە ڕەسەنەکانیان پەسەند دەکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەڕەنسا بە فەرمی یاسایەکی نوێیان پەسەند کرد کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو پارچە هونەری و کەلەپوورییانەی کە لە سەردەمە جیاوازەکاندا دزراون. ئەم بڕیارە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و ئەو وڵاتانە دەبینرێت کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی کۆڵۆنیاڵیزمی فەڕەنسیدا بوون.
خاڵی جێگەی سەرنج لەم بڕیارەدا ئەوەیە کە سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هاوڕا و کۆک بوون لەسەر پەسەندکردنی یاساکە. ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە فەڕەنسا دەیەوێت پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەڵبداتەوە کە پارچە شوێنەوارییەکانیان لە مۆزەخانە فەڕەنسییەکاندا پارێزراون، بڕیاریشە بەم نزیکانە یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم یاسایە بە پلەی یەکەم ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام داوای گەڕاندنەوەی سامانی نیشتمانیی خۆیان دەکرد، وەک جەزائیر، مالی و بێنین. یاساکە هەموو دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان ناچار دەکات ئەو پارچە هونەرییانە ڕادەست بکەنەوە کە لە نێوان ساڵانی 1815 بۆ 1972 لەو وڵاتانە هێنراونەتە فەڕەنسا.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان و سەرچاوە ئەفریقییەکان، نزیکەی 90 هەزار پارچەی هونەری و کەلەپووری وڵاتانی ئەفریقا لە ئێستادا لە ناو مۆزەخانە و دامەزراوەکانی فەڕەنسادان. هەندێک سەرچاوەی دیکەش ئاماژە بەوە دەدەن کە تێکڕای پارچە دزراوەکانی جیهان کە لە فەڕەنسا جێگیر کراون، دەگەنە نزیکەی 300 هەزار پارچە.
پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان زۆر ئاسانتر بن بۆ گەڕاندنەوەی پارچەکان و کۆتایی بەو ململانێ یاساییە درێژخایەنە دەهێنێت کە لە نێوان فەڕەنسا و وڵاتانی پێشووی ژێر دەسەڵاتی هەبووە. ئەمە هەنگاوێکە بەرەو دادپەروەری مێژوویی و پاراستنی مافی کەلەپووری گەلان.
سەرچاوە: ئاژانسە هەواڵییەکانی فەڕەنسا و سەرچاوە ئەفریقییەکان
PM:09:25:21/04/2026
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه