‌جیهانی "یاری تەختە پاشاییەکان" دەچێتە سەر شاشەی سینەماکان

وێستگە ستایل-

 جیهانی "یاری تەختە پاشاییەکان" دەچێتە سەر شاشەی سینەماکان


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


کۆمپانیای وارنەر برۆس بە فەرمی هەوادارانی زنجیرە درامای بەناوبانگی "Game of Thrones"ی دڵخۆش کرد بە ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەکی نوێ کە بریتییە لە بەرهەمهێنانی یەکەمین فیلمی سینەمایی لە مێژووی ئەم جیهانەدا. ئەم بڕیارە دوای سەرکەوتنە گەورەکانی زنجیرە سەرەکییەکە و زنجیرەی "House of the Dragon" دێت، کە وایکردووە کۆمپانیاکە بیەوێت سنووری تەلەفزیۆن ببەزێنێت و چیرۆکەکە بباتە ناو هۆڵە گەورەکانی سینەماوە.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، نووسینی سیناریۆی ئەم فیلمە بە یەکێک لە بەهرەمەندترین نووسەرانی ئێستا سپێردراوە کە ئەویش "بۆو ویڵمۆن"ە، ناوبراو پێشتر بەهۆی نووسینی زنجیرەی سیاسی "House of Cards" ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە. چیرۆکی فیلمەکەش وەک هەمیشە لە ڕۆمانە ئەفسانەییەکانی "جۆرج ڕوڕاڵ مارتن"ەوە وەردەگیرێت، ئەمەش دڵنیایی دەداتە هەواداران کە ڕەسەنایەتی چیرۆکەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی نزیک بۆ نمایشکردنی فیلمەکە دیاری نەکراوە، بەڵام سەرچاوە ناوخۆییەکانی وارنەر برۆس ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەکە لە ساڵی 2027 یان ساڵانی دواتر ئامادە دەبێت بۆ نمایش. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە هێشتا ناوی ئەکتەرە بەشداربووەکان ڕانەگەیەندراوە و دیار نییە ئایا ئەکتەرە کۆنەکان دەبینینەوە یان چیرۆکەکە باس لە سەردەمێکی تەواو جیاوازی "وێستێرۆس" دەکات.

ئەم هەنگاوەی وارنەر برۆس وەک وەڵامێک دەبینرێت بۆ داواکارییەکی زۆری هەواداران کە ساڵانێکی زۆرە چاوەڕوانی بینینی جەنگە گەورەکانی ئەم جیهانە دەکەن لەسەر شاشەی گەورەی سینەما بە کوالێتی و بودجەیەکی زەبەلاحتر لەوەی لە تەلەفزیۆندا بینراوە.


سەرچاوە: Variety, The Hollywood Reporter


PM:08:57:18/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل