‌دۆزینەوەی جۆرێکی نوێی مرۆڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا؛ نهێنییەک کە ١١ هەزار ساڵ شاراوەبوو

وێستگە ستایل-

دۆزینەوەی جۆرێکی نوێی مرۆڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا؛ نهێنییەک کە ١١ هەزار ساڵ شاراوەبوو


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لە نوێترین پێشهاتی زانستیدا کە جیهانی ڕەچەڵەکناسی و مرۆڤناسی هەژاندووە، شارەزایان پاشماوەی ڕووفاتی گرووپێکی مرۆییان لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دۆزیوەتەوە. ئەم دۆزینەوەیە تەنیا پاشماوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو بەپێی گوتەی زاناکانی ئەو بوارە، ئەمە ئاماژەیە بۆ بوونی جۆرێکی نوێی مرۆڤ کە تاوەکو ئێستا لە هیچ کام لە تۆمارە مێژوویی و زانستییەکاندا ناویان نەهاتووە و نەناسراو بوون.


ئەم پاشماوە دەگمەنانە لە نزیک شاری پەکینی پایتەختی وڵاتی چین دۆزراونەتەوە. شارەزایان دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە پێکهاتەی ئێسکەکان و شوێنی دۆزینەوەکەیان، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی دواین چاخی بەستەڵەک. ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەم گرووپە مرۆییە نزیکەی ١١ هەزار ساڵ لەمەوبەر لەو ناوچانەدا ژیاون و چالاک بوون، کە سەردەمێکی هەستیاری گۆڕانی کەشوهەوا بووە لەسەر زەوی.


یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین لایەنەکانی ئەم دۆزینەوەیە، پەیوەندی بە سیستەمی بۆماوەیی (DNA) ئەم گرووپەوە هەیە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم مرۆڤانە هیچ پاشماوەیەکی بۆماوەییان لە مرۆڤی هاوچەرخدا جێنەهێشتووە. شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم گرووپە مرۆییە لە سنوورەکانی پەکین ژیاون و سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمە دێرینەکاندا خاوەنی کولتوور و ژیانی تایبەت بە خۆیان بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەچەڵەکی وردیان دەستنیشان نەکراوە و وەک مەتەڵێکی زانستی ماونەتەوە.


ئەم گرووپە مرۆییە بە تەواوی لە مرۆڤە هاوچەرخەکان جیابوونەتەوە و بەپێی بەڵگە بۆماوەییەکان، هێڵی نەوەکانیان بەردەوام نەبووە و نەهاتووەتە خوارەوە بۆ سەردەمی ئێستا. ئەمەش وای کردووە زاناکان بە جۆرێکی "بڕاوە" یان "وێڵ" لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دایانبنێن، کە لە گەشتە مێژووییەکەدا لە خاڵێکدا کۆتاییان هاتووە و تێکەڵی ڕەچەڵەکی مرۆڤەکانی دیکە نەبوون.


ئەم دۆزینەوەیە دەبێتە دەروازەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی مرۆڤ لە ئاسیای ناوەڕاست و باکووردا. هەروەها نیشانی دەدات کە مێژووی مرۆڤایەتی زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە پێشتر تەسەور دەکرا، و ڕەنگە جۆرەها مرۆڤی تر هەبووبێتن کە تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی ژیاون و پاشان بێ ئەوەی شوێنپێی خۆیان لە مرۆڤی ئەمڕۆدا جێبهێڵن، لەناوچووبێتن.

ئاژانسە هەواڵییە زانستییەکان.


PM:10:44:11/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 44 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل