یەکێتی و بەرخودان؛ سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی
دۆسلدۆرف بە بەشداری ٢٩ فیلم دەستپێدەکات
وێستگە ستایل-
یەکێتی و بەرخودان؛ سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی
دۆسلدۆرف بە بەشداری ٢٩ فیلم دەستپێدەکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
شاری دۆسلدۆرفی وڵاتی ئەڵمانیا، خۆی بۆ میوانداریکردنی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئامادە دەکات، کە بڕیارە لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٦دا بە دروشمی "یەکێتی و بەرخودان" کارەکانی دەستپێبکات. ئەم فێستیڤاڵە کە ئێستا بووەتە یەکێک لە ڕووداوە کولتوورییە گرنگەکانی کورد لە ئەوروپا، ئامانجی کۆکردنەوەی دەنگ و ڕەنگی جیاوازی هەر چوار پارچەی کوردستانە لەژێر چەترێکی هونەریی نێودەوڵەتیدا.
چالاکییەکانی ئەم خولە لە ڕۆژی ١٧ی نیسانی ٢٠٢٦ دەستپێدەکەن و بۆ ماوەی سێ ڕۆژی کارا (١٧، ١٨ و ١٩ی نیسان) بەردەوام دەبن. کاتژمێر هەشتی شەو بە کاتی ئەوروپا، پەردە لەسەر یەکەمین فیلمی فێستیڤاڵەکە لادەبرێت کە فیلمی "هەڤاڵ براکۆ"یە. ئەم فیلمە بەرهەمی "کۆمینا فیلمی ڕۆژئاوا"یە و لە دەرهێنانی "نۆمان یاگید"ە، کە وەک دەسپێکێکی بەهێز بۆ نیشاندانی قوربانی و تێکۆشان هەڵبژێردراوە.
بۆ خولی ئەمساڵ، تیمی هەڵبژاردنی فیلمەکان ڕووبەڕووی کارێکی قورس بوونەتەوە بەهۆی زۆریی ئەو بەرهەمانەی لە دەرهێنەرانی کوردەوە لە سەرانسەری جیهان و کوردستانەوە بۆیان نێردراوە. لە ئەنجامدا ٢٩ فیلم هەڵبژێردراون کە دابەشبوون بەسەر: ٣ فیلمی درێژ، ٩ فیلمی بەڵگەنامەیی (دۆکیۆمێنتاری) و ١٧ کورتە فیلم. تەنها کورتە فیلمەکان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدان، هاوکات ئامادەیی ژنانی دەرهێنەر لەم خولەدا زۆر بەرچاوە و ٩ خانمە دەرهێنەر لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بە فیلمەکانیان بەشدارن، ئەمەش نیشانەی گەشەسەندنی ڕۆڵی ژنانە لە سینەمای کوردیدا.
لە پاڵ نمایشکردنی فیلمەکاندا، فێستیڤاڵ لایەنی فیکری و ڕەخنەیی فەرامۆش نەکردووە. سیمینارێکی تایبەت بۆ سینەماکار و چالاکوان "لیزا چالان" ڕێکدەخرێت، کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر ڕەوشی سینەمای کوردی و ئاستەنگەکانی بەردەم دەرهێنەرانی باکووری کوردستان. سەبارەت بە خەڵاتەکانیش، فێستیڤاڵەکە شێوازێکی جیاوازی پەیڕەو کردووە؛ خەڵاتەکان بە ناوی یەکەم و دووەم و سێیەم نین، بەڵکو گوزارشتن لە کەسایەتییە سیمبولییەکانی کورد. لەوانە: خەڵاتی یەڵماز گۆنای بۆ دەرهێنان، خەڵاتی شۆڕشگێڕی "ژینا ئەمینی" وەک هێمایەک بۆ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، خەڵاتی "خەلیل داغ" بۆ مافەکانی مرۆڤ، و خەڵاتی گەنجی بەهرەمەند.
لیژنەی دادوەری (ژووری) ئەمساڵ لە کەسایەتییە ناسراوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکهاتووە، کە بریتین لە: مەتین ئەور (سەرۆکی لیژنە لە ئامەد)، فرمێسک مستەفا (لە باشوور)، شەهرام عەلیدی (لە ڕۆژهەڵات)، محیدین ئەرسەلان (لە ڕۆژئاوا) و هێڤی چنار (لە ئەڵمانیا). ئەم پێکهاتەیە ڕەنگدانەوەی ئەو دروشمەیە کە فێستیڤاڵەکە بۆ ئەمساڵ هەڵیگرتووە، کە ئەویش "یەکێتیی کوردان و تێکۆشانی هاوبەش"ە، بەو ئامانجەی سینەما ببێتە شوێنێک بۆ تێکشکاندنی ئەو سنوورانەی کە بەسەر نەتەوەی کورددا سەپێنراون.
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسلدۆرف ٢٠٢٦، دەیەوێت لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکە کوردییەکانەوە، هۆشیارییەکی هاوبەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دروست بکات. سینەما لێرەدا تەنها وەک هونەر نابینرێت، بەڵکو وەک پەیامێکی گەورە بۆ ناساندنی کلتوور و بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان بەکاردێت. هەڵبژاردنی شاری دۆسلدۆرف وەک ناوەندێکی کلتووری گرنگی ئەڵمانیا، دەرفەتێکی زێڕین دەداتە دەرهێنەرە کوردەکان تا بەرهەمەکانیان بە بینەرانی بیانی بناسێنن و پشتیوانی دارایی و مەعنەوی بەدەستبهێنن بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی نوێ لە داهاتوودا.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسلدۆرف
PM:06:51:09/04/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه