‌گەنجینەیەکی ١٠٠ ساڵە لە ناو درزی بەردەکاندا دۆزرایەوە

وێستگە ستایل-

گەنجینەیەکی ١٠٠ ساڵە لە ناو درزی بەردەکاندا دۆزرایەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان 


دوو گەشتیار لە کاتی پیاسەکردنیان لە ناوچە شاخاوییەکانی کۆماری چیک، تووشی بەختێکی گەورە هاتن و گەنجینەیەکی مێژووییان دۆزییەوە کە پڕ بوو لە زێڕ و خشڵی گرانبەها، کە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک لە ناو درزی دیوارێکی بەردیندا شاردرابووەوە.


ئەم دۆزینەوەیە لە چیاکانی "کڕکۆنۆشە" ڕوویدا، کاتێک گەشتیارەکان قوتوویەکی ئەلەمنیۆمی و سندوقێکی ئاسنییان دۆزییەوە کە کێشی کەلوپەلەکانی ناوەوەی دەگەیشتە ٧ کیلۆگرام، هەموو سندوقەکە پڕ بوو لە دراوی زێڕ، بازنگ، ملوانکە و پێداویستی کەسی گرانبەها کە مێژووەکەیان زۆر کۆن بوو.


بەپێی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی مۆزەخانەی ڕۆژهەڵاتی بۆهیمیا، دراوەکان مێژووەکەیان بۆ نێوان ساڵانی ١٨٠٨ بۆ ١٩١٥ دەگەڕێتەوە و هی وڵاتانی فەرەنسا، تورکیا، ئیتاڵیا و ڕووسیان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی خاوەنی ئەم گەنجینەیە گەشتیار یان بازرگانێکی دەوڵەمەند بووە.


شوێنەوارناسان پێیان وایە ئەم گەنجینەیە لە سەردەمی جەنگی جیهانیدا شاردراوەتەوە، لەوانەیە خێزانێکی جوو لە ترسی دەستبەسەرداگرتنی سەروەتەکەیان لەلایەن نازییەکانەوە لەو ناوچە شاخاوییەدا حەشاریان دابێت و دواتر نەیانتوانیبێت بگەڕێنەوە بۆی.


بەهای ماددی ئەم دۆزینەوەیە بە زیاتر لە ٣٣٠ هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڵام بایەخی مێژووییەکەی زۆر لەوە زیاترە، چونکە پەردە لەسەر چیرۆکێکی مرۆیی و مێژوویی سەردەمی جەنگ لادەبات کە بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ بە نهێنی مابووەوە.


Yahoo News


PM:11:08:07/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل