‌خەزێنە شاراوەکەی ناوکی زەوی دەکرێتەوە؛ زێڕ و پلاتین بەرەو ڕووی هەسارەکە دێن

وێستگە ستایل-

خەزێنە شاراوەکەی ناوکی زەوی دەکرێتەوە؛ زێڕ و پلاتین بەرەو ڕووی هەسارەکە دێن


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان 


زانایانی جیۆلۆجی لە نوێترین توێژینەوەیاندا پەردەیان لەسەر نهێنییەکی سەرسوڕهێنەر لادا کە تێڕوانینەکان بۆ ناوەوەی زەوی دەگۆڕێت، دەرکەوتووە ناوکی زەوی چیتر ئەو قەڵا داخراوە نییە کە ملیارەها ساڵە وێنا دەکرێت، بەڵکو دەستی کردووە بە دزەپێکردنی کانزا گرانبەهاکان بۆ توێژەکانی سەرەوەی زەوی.


ئەم دۆزینەوەیە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی وردی زانکۆی "گۆتینگن" هاتووە، کاتێک زاناکان پاشماوەی گڕکانەکانی دوورگەی هاواییان شیکردەوە و بۆیان دەرکەوت نیشانە کیمیاییەکانی ناوکی زەوی لەناو ئەو گڕانەدا بوونیان هەیە، ئەمەش بەڵگەی یەکلاکەرەوەیە کە پەیوەندییەک لە نێوان قووڵایی ٣٠٠٠ کیلۆمەتری و ڕووی زەویدا دروست بووە.


بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بڕێکی یەکجار زۆر لە زێڕ، پلاتین و کانزا دەگمەنەکان کە پێشتر وا دەزانرا ٩٩.٩٪یان بۆ هەمیشە لە ناوکە ئاسنینەکەدا گیری خواردووە، ئێستا بە هێواشی بەرەو سەرەوە بەرز دەبنەوە، هەرچەندە ئەم پڕۆسەیە ملیۆنان ساڵی پێدەچێت، بەڵام تەنها ئەم بڕە بچووکەی ئێستا دزەی کردووە، کێشەکەی دەگاتە نزیکەی ١٠٠٠ تەن زێڕی خاو.


لە ڕووی مێژوویی و زانستییەوە، ناوکی زەوی هەمیشە وەک شوێنێکی دەست پێنەگەیشتوو سەیر کراوە، بەڵام ئەم دۆزینەوە نوێیە دەیسەلمێنێت کە ئاڵوگۆڕی ماددە لە نێوان ناوک و بەرگی زەویدا (Mantle) زۆر چالاکترە لەوەی پێشتر پێشبینی دەکرا.


ئەم گۆڕانکارییە جیۆلۆجییە نەک تەنها تێگەیشتنمان بۆ سەرچاوەی کانزاکان قووڵتر دەکاتەوە، بەڵکو یارمەتیدەر دەبێت لە تێگەیشتن لەو بزوێنەرە گەورەیەی کە دەبێتە هۆی چالاکییە گڕکانییەکان و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی پێکهاتەی هەسارەکەمان.


زانکۆی گۆتینگن - ئەڵمانیا


PM:11:06:07/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 8 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل