تووتییەکی بوێر جیهان سەرسام دەکات؛ لە قووڵایی دەریاوە تا ناو جەرگەی ئاسمان گەشت دەکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
باڵندەیەک هەموو سنوورەکانی مەترسی و مەحاڵی تێپەڕاندووە و بووەتە باسی گەرمی میدیاکانی جیهان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. "بیبی" ئەو تووتییە ناوازەیەیە کە ژیانێکی پڕ لە سەرکێشی و ئادریناڵین بەسەر دەبات، لە قوڵایی ئۆقیانووسەکانەوە بۆ بەرزاییەکانی ئاسمان، ئەم باڵندەیە لەگەڵ خاوەنە داهێنەرەکەیدا کارگەلێک ئەنجام دەدات کە تەنانەت مرۆڤە ئاساییەکانیش بە ترس و دڵەراوکێوە لێی نزیک دەبنەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە ناسراوترین باڵندەکانی سەر زەوی.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "دیکسێرتۆ"، بیبی بووەتە یەکەم تووتی لە مێژوودا کە گەشتێکی وردی ژێر دەریایی ئەنجام بدات. ستیڤن لۆیەر، خاوەنە ئەمریکییەکەی، بە داهێنانێکی تەکنیکی سەرسوڕهێنەر و بە بەکارهێنانی ئامێرێکی ژێر دەریایی بچووک کە خۆی دروستی کردووە، تووتییەکەی بردۆتە ناو قووڵایی ئاوە ڕوونەکانی دوورگەکانی بەهاما. ئەم گەشتە نەک هەر بینەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، بەڵکو وەک یەکێک لە سەرکێشییە هەرە دەگمەن و سەرنجڕاکێشەکانی جیهانی ئاژەڵان لەم ساڵانەی دواییدا تۆمار کراوە.
ستیڤن بۆ پاراستنی گیانی بیبی، ژێر دەریاییەکەی لە دەفرێکی شەفاف و ڕوونی خواردن دروست کردووە کە ڕێگەی بە تووتییەکە دەدا بە ئاسانی دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ژێر ئاو ببینێت. بۆ دابینکردنی هەوای پێویست، دوو بۆری تایبەتی تێدا جێگیر کردووە کە زمانەی یەک ئاراستەیان هەیە تا ڕێگری بکەن لە گەڕانەوەی هەوا یان دزەکردنی ئاو، هەروەها تانکییەکی ئۆکسجینی پەستێوراو لە بەشی خوارەوەی ئامێرەکە بەستراوە بۆ ئەوەی بیبی لە تەواوی ماوەی ژێرئاوکەوتنەکەدا بەبێ کێشە هەناسە بدات. لۆیەر تەنانەت بیر لە هاوسەنگی ئامێرەکەش کردۆتەوە و چەند کێشێکی قوڕقوشمی لە بنی ژێر دەریاییەکە جێگیر کردووە تاوەکو نە نوقم بێت و نە بێتە سەر ئاو، بەڵکو لەو قووڵاییەدا بمێنێتەوە کە مەبەستیانە، جگە لە بوونی هەستەوەرێکی ئۆکسجین کە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێوەیە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو. پێش ئەم سەرکێشییە گەورەیە، ستیڤن ئامێرەکەی لە ناو بانیۆی ماڵەکەیدا بە وردی تاقیکردۆتەوە تا دڵنیابێت لە سەلامەتییە جەستەییەکانی باڵندەکەی.
ئەمە تەنها سەرکێشی "بیبی" نییە، چونکە ئەم تووتییە پێشینەیەکی درێژی لە تاقیکردنەوەی مەترسییەکاندا هەیە. بیبی تا ئێستا ١٥ جار ئەزموونی بازدان بە پەڕەشوتی لەگەڵ خاوەنەکەیدا کردووە؛ لە کاتی بازدانەکاندا، باڵندەکە بە تەنیا دەچێتە ناو دەفرێکی پلاستیکی تایبەت کە لەسەر سکی ستیڤن بەستراوە، کاتێک دەگەنە بەرزی نزیکەی ٣٠٠ مەتر، ستیڤن دەرگای دەفرەکە دەکاتەوە و بیبی بە ئازادی لە ناو ئاسماندا دەفڕێت و هاوشانی پەڕەشوتەکە تا سەر زەوی دێتە خوارەوە. جگە لەمانەش، ئەم تووتییە ساڵانە لەگەڵ خاوەنەکەیدا بەشداری گەشتێکی پاسکیلسواری گەورە دەکات کە نزیکەی هەفتەیەک دەخایەنێت و مەودای ٨٠٠ کیلۆمەتر دەبڕن، کە تێیدا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەشداری دەکەن و بیبی هەمیشە دەبێتە جێی سەرنجی بەشداربووان.
چیرۆکی بیبی و ستیڤن تەنها باس لە سەرکێشی ناکات، بەڵکو نیشاندەری ئەو پەیوەندییە بەهێز و متمانەیەیە کە لە نێوان مرۆڤ و باڵندەیەکدا دروست بووە. ستیڤن بەردەوامە لە دابینکردنی هەموو مەرجە سەلامەتییەکان بۆ بیبی تا پێکەوە چێژ لەم ئەزموونە دەگمەنانە وەربگرن، و بیبی-ش بە بوێرییەکەی بووەتە سیمبولێکی وزە و بەردەوامی لە جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و نیشانی دەدات کە تەنانەت بچووکترین زیندەوەرەکانیش دەتوانن کاری گەورە ئەنجام بدەن ئەگەر پاڵپشتی بکرێن.
سەرچاوە: ماڵپەڕی دیکسێرتۆ (Dexerto)