شارە ونبووەکەی ئەسکەندەری مەقەدۆنی لە باشووری عێراق دۆزرایەوە و پشتڕاستکرایەوە
وێستگە ستایل-
شارە ونبووەکەی ئەسکەندەری مەقەدۆنی لە باشووری عێراق دۆزرایەوە و پشتڕاستکرایەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
پاش ساڵانێکی درێژ لە گەڕان و گومان، دواجار شوێنەوارناسان توانییان یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین پێگە مێژووییە ونبووەکانی جیهان لە قووڵایی خاکی باشووری عێراقدا بدۆزنەوە و بە فەرمی پشتڕاستی بکەنەوە کە ئەمە پاشماوەی شارە ئەفسانەییەکەی ئەسکەندەری مەقەدۆنییە.
ئەم دەستکەوتە زانستییە مەزنە دوای سێ مانگ لە پشکنینی ورد و تاقیگەیی هات، کاتێک لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا تیمێکی پسپۆڕ لە زانکۆی "کۆنستانز"ی ئەڵمانی گەیشتنە ناوچەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو پاشماوە گەورە و پارێزراوانە کرد کە لە ژێر لم و خاکی ناوچەکەدا مابوونەوە، ئەنجامەکانیش هەمووانی سەرسام کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تیمە شوێنەوارناسییەکە، ئەو پایە مەزنە داڕماوانە و ئەو گردۆلکە دەستکردانەی لە ناوچەکەدا دۆزراونەتەوە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر بوونی شارێکی گەورە و ستراتیژی. ئەم شارە کە بە "ئەسکەندەرییەی سەر دیجلە" ناسراوە، لەوپەڕی باشووری عێراق و لە ناوچەیەکی نزیک لە سنوورەکانی ئێستا نێوان بەسڕە و ئێران هەڵکەوتووە و لە سەردەمی خۆیدا یەکێک بووە لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی بازرگانی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا
مێژووی بنیادنانی ئەم شارە بۆ سەدەی چوارەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەسکەندەری مەزن، فەرماندەی ناوداری جیهان، بەردی بناغەکەی دانا. شارەکە تاوەکو سەدەی سێیەمی زایینی وەک ناوەندێکی زێڕینی ئابووری و سیاسی مابووەوە، بەڵام دواتر بەهۆی گۆڕانی ڕێڕەوی ڕووباری دیجلە و گۆڕانکارییە ژینگەییە توندەکان، هێز و پێگەی خۆی لەدەستدا و دانیشتووانەکەی ناچار بوون چۆڵی بکەن، بەمەش بۆ ماوەی سەدان ساڵ لە یادەوەری مێژوودا ون بوو.
هەرچەندە نیشانە سەرەتاییەکانی ئەم شارە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەرکەوتبوون، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی و شەڕە یەکلەدوای یەکەکانی ناوچەکە، هیچ تیمێکی نێودەوڵەتی نەیتوانیبوو کنەوپشکنینی ڕاستەقینە ئەنجام بدات، تا دواجار لەم دواییانەدا و بە هاوکاری زانکۆ جیهانییەکان، ئەم پەردەیە لەسەر مێژوو لادرا.
دۆزینەوەی ئەم شارە وەک وەچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی شوێنەوارناسی جیهانیدا دەبینرێت و چاوەڕوان دەکرێت زانیاری نوێ دەربارەی ژیانی مرۆڤایەتی لەو سەردەمەدا بخاتە ڕوو.
ئاژانسە هەواڵییەکان و ناوەندە شوێنەوارناسییەکانی ئەڵمانیا و عێراق.
AM:02:35:24/03/2026
ئهم بابهته 56
جار خوێنراوهتهوه