‌چاودێرانی سینەما حکومەتی ئەمریکا بە بەکارهێنانی "سڵۆپاگەندە" لە ململانێکانی لەگەڵ ئێران تۆمەتبار دەکەن

وێستگە ستایل-

چاودێرانی سینەما حکومەتی ئەمریکا بە بەکارهێنانی "سڵۆپاگەندە" لە ململانێکانی لەگەڵ ئێران تۆمەتبار دەکەن


وەستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لە نوێترین ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، جۆرێکی نوێ لە شەڕی میدیایی سەرهەڵداوە کە چاودێرانی سینەمایی بە "ناپێویست و بێبەها" وەسفی دەکەن. کۆشکی سپی لە گرتە ڤیدیۆییەکانی تایبەت بە پێکانی ئامانجە سەربازییەکانی ئێران، پەنای بۆ دیمەن و ستایلە سینەماییەکان بردووە، ئەمەش بووەتە جێی ڕەخنەیەکی زۆری میدیاکاران و پسپۆڕانی بواری پڕوپاگەندە.


ڕەخنەگران چەمکێکی نوێیان بۆ ئەم هەنگاوەی واشنتۆن داهێناوە بە ناوی "سڵۆپاگەندە" (Slopaganda)، کە لێکدراوی دوو وشەی "Slop" بە واتای ناوەڕۆکی بێبەها و "Propaganda"یە. ئەوان پێیان وایە کە بەکارهێنانی دیمەنی دراماتیکی و میوزیکی سینەمایی بۆ نیشاندانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، ڕاستی ڕووداوەکان دەشارێتەوە و دەیکاتە جۆرێک لە نمایش کە تەنها بۆ کۆکردنەوەی بینەر و گوزارشتکردن لە "هەستی سەرکەوتن"ی ساختەیە.


یەکێکی تر لە کێشە گەورەکان ئەوەیە کە حکومەتی ئەمریکا بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی خاوەنەکانیان، گۆرانی و دیمەنە سینەماییە بەناوبانگەکانی بەکارهێناوە. گرتەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هاوتای دایەلۆگی کارەکتەرە سینەماییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەمەش وای کردووە چاودێران بڵێن کە واشنتۆن دەیەوێت "جەنگ" وەک فیلمێکی هۆڵیوود نیشانی جیهان بدات.


ئەم ڕەخنەگرانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوەی ڕوودەدات، نزمکردنەوەی بەهای هونەرە بۆ خزمەتی ململانێیەکی سیاسی و سەربازی. ئەوان پێیان وایە کە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە نەک تەنها پەیامە سەربازییەکە ناگەیەنێت، بەڵکو وا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوێکی "بێبەها" سەیری ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی ئەمریکا بکات.


سەرچاوە: ڕۆژنامەی گاردیان و چاودێری میدیایی "مێدیاماشت"


PM:09:32:14/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 40 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل