‌دۆزینەوەی پێنجەمین بازنەی بەردین لە "شیکا ریکا"ی ماردین؛ وەرچەرخانێک لە مێژووی شارستانییەتدا

وێستگە ستایل-

دۆزینەوەی پێنجەمین بازنەی بەردین لە "شیکا ریکا"ی ماردین؛ وەرچەرخانێک لە مێژووی شارستانییەتدا


وەستگە ستایل - سۆلین عوسمان


شوێنەوارناسانی باکووری کوردستان و جیهان، چاویان لەسەر ناوچەی "شیکا ریکا"یە لە پارێزگای ماردین، دوای ئەوەی دۆزینەوەیەکی نوێ و دەگمەن هەموو تێگەیشتنە پێشووەکانی لەسەر سەرهەڵدانی ژیاری کۆمەڵایەتی گۆڕی. ئەم ناوچەیە کە دەکەوێتە باکووری میسۆپۆتامیا، ئێستا وەک یەکێک لە دێرینترین مەڵبەندەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە جیهاندا دەناسرێت.


مێژووی پاشماوە شوێنەوارییەکانی ئەم ناوچەیە بۆ 12 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، واتە بۆ سەردەمی نێوان چاخی کۆن و نوێی بەردین. لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023، چوار بازنەی دێرین کە بە بەردی گەورە دروستکراون دۆزرانەوە، بەڵام هەواڵە گەورەکە ئەوەیە کە لە هەڵکۆڵینەکانی ساڵی 2024دا، "بازنەی پێنجەم"یش بەدەرکەوت، کە ئەمەش تێگەیشتنەکان بۆ چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆمەڵگە سەرەتاییەکان ئاسانتر دەکات.


شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەم بازنانە یەکەم بەڵگەی بەرجەستەن لە ناوچەکەدا کە دەیسەلمێنن شارستانییەتەکان تەنها لە دۆڵی دیجلەدا قەتیس نەبوون، بەڵکو لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووریشدا گەشەیان سەندووە. ئەم دۆزینەوەیە ئەو بۆشاییە مێژووییە پڕ دەکاتەوە کە ساڵانێکی درێژ بە "نەزانراوی" مابووەوە و دەیسەلمێنێت کە مرۆڤەکان 14 هەزار ساڵ لەمەوبەر خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ئەندازیاری و کۆمەڵایەتی پێشکەوتوو بوون.


بەهای ئەم شوێنەوارە لەوەدایە کە نیشانی دەدات پێش ئەوەی مرۆڤ دەست بە کشتوکاڵ بکات، بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی و لە ناو بازنە بەردینەکاندا ژیاوە بۆ مەبەستی ئایینی یان کۆمەڵایەتی. "شیکا ریکا" ئێستا شانبەشانی "گۆبەکلی تەپە" وەک یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارەکانی جیهان سەیر دەکرێت کە مێژووی مرۆڤایەتی لەم ناوچەیەدا دووبارە دەنووسێتەوە.


سەرچاوە: ئاژانسی ئەنادۆڵ و گۆڤاری شوێنەوارناسی جیهانی


PM:09:31:14/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 36 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل