‌مزگەوتی گەورەی شێخ زاید؛ شاکارێکی تەلارسازی کە مێژوو و شکۆی ئیسلامی تێدا بەرجەستە دەبێت

وێستگە ستایل-

مزگەوتی گەورەی شێخ زاید؛ شاکارێکی تەلارسازی کە مێژوو و شکۆی ئیسلامی تێدا بەرجەستە دەبێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


مزگەوتی گەورەی شێخ زاید لە شاری ئەبو زەبی پایتەختی دەوڵەتی ئیمارات، وەک یەکێک لە دیارترین و گەورەترین پەرستگاکانی جیهان هەژمار دەکرێت، کە بەهۆی قەبارە و جوانییە بێوێنەکەیەوە بووەتە نیشانەیەکی جیهانی بۆ تەلارسازیی ئیسلامی و جێی سەرنجی ملیۆنان گەشتیارە لە سەرتاسەری زەویدا.


ئەم پڕۆژە مەزنە، کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا کارەکانی دروستکردنی بە کۆتا هات، توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە ٤٠ هەزار نوێژخوێنی لە یەک کاتدا هەیە. مزگەوتەکە خاوەنی ٨٢ گومەزی مەڕمەڕییە کە بە قەبارەی جیاواز دیزاین کراون و بەرزترین گومەزیان دەگاتە ٨٥ مەتر، هەروەها خاوەنی چوار منارەیە کە بە بەرزی ١٠٧ مەتر وەستاون. ئەم شوێنەوارە دوو تۆماری جیهانیی گەورەی لە کتێبی گینسدا هەیە، کە بریتین لە گەورەترین فەرشی دەستکردی جیهان و گەورەترین سوڕەیا (چرا)ی جیهان کە بە زێڕ و کریستاڵی "سوارۆفسکی" ڕازاوەتەوە.


لە ڕووی هونەرییەوە، دیزاینی ئەم مزگەوتە تێکەڵەیەکی ناوازەیە لە شێوازە جیاوازەکانی جیهانی ئیسلامی، لەوانە شێوازی موغالی (هیندستان)، ئەمازیغی (مەغریب) و فارسی. مزگەوتەکە لەسەر ڕووبەری ١٦٥ هەزار مەتر چوارگۆشە بونیاد نراوە و مەڕمەڕی سپی مەقدۆنیی تایبەتی تێدا بەکارهێنراوە، ناوپۆشەکەشی بە مۆزایکی دەگمەن، پارچە زێڕ و بەردی گرانبەها نەخشێنراوە کە دیمەنێکی مێژوویی و مۆدێرن بە مزگەوتەکە دەبەخشن.


دروستکردنی ئەم مزگەوتە لەسەر ڕاسپاردەی شێخ زاید بن سوڵتان ئال نهیان بوو، مەبەست لێی دروستکردنی ناوەندێکی کلتووری بوو کە پەیامی ئاشتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە نێوان مرۆڤایەتیدا بڵاوبکاتەوە، نەک تەنها وەک پەرستگایەک، بەڵکو وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان شارستانییەتەکاندا.


لە ئێستادا مزگەوتی شێخ زاید وەک سیمبولی شکۆی تەلارسازیی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە و ساڵانە ملیۆنان کەس لە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان سەردانی دەکەن بۆ بینینی ئەو هونەرە ورد و بێوێنەیەی لە تاشەبەرد و دیوارەکانیدا بەرجەستە کراوە.


سەرچاوە: ناوەندی مزگەوتی گەورەی شێخ زاید (SZGMC) و ئاژانسی هەواڵی ئیمارات (WAM)


PM:11:35:12/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل