نهێنییەکەی "وەن پیس" لە قووڵایی زەریا نوقم کرا؛ ئای شۆو سپید دەست بە گەڕان دەکات
نهێنییەکەی "وەن پیس" لە قووڵایی زەریا نوقم کرا؛ ئای شۆو سپید دەست بە گەڕان دەکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە ڕووداوێکی سەیر و خەیاڵیدا کە هەوادارانی ئەنیمێی لە جیهاندا شۆک کرد، ئیچیرۆ ئۆدا، نووسەری زنجیرە بەناوبانگەکەی "One Piece"، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٦دا ڕایگەیاند کە نهێنی گەورەی گەنجینەی زنجیرەکەی لەسەر کاغەزێک نووسیوە و خستوویەتییە ناو سندوقێکەوە. ئۆدا بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە بکاتە ڕاستی، سندوقەکەی لە قووڵایی ٦٥١ مەتری زەریادا شاردووەتەوە، ئەمەش وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ ئازایەتی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە و جۆش و خرۆشی هەوادارانی زنجیرەکە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ستریمەری ناودار و جەنجاڵ "IShowSpeed" ڕاستەوخۆ هاتە دەنگ و لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا ڕایگەیاند کە ئامادەیە ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو سندوقە. سپید بە شێوازە ناسراوەکەی خۆی وتی کە نەک تەنها دەچێتە ناو زەریا، بەڵکو گرانترین کات و ئامێر و ژێردەریایی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم کەس کە نهێنییەکەی ئۆدا دەخوێنێتەوە و جیهان سەرسام دەکات.
سپید داوای لە گروپێکی گەورە کردووە کە پێکهاتوون لە ٣٠ بۆ ٥٠ کەسی بوێر، تا لەم گەشتە مەترسیدارەدا هاوکاری بکەن. ئەم ناوچەیەی کە سندوقەکەی تێدا نوقم کراوە، بەهۆی پەستانی زۆری ئاو و تاریکی ڕەهاوە زۆر مەترسیدارە، بەڵام سپید جەخت دەکاتەوە کە "تا گەنجینەکە نەدۆزمەوە، ناگەڕێمەوە". ئەم کاردانەوەیەی سپید لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە جێی باسی گەرم و هەندێک بە تەنها سەرکێشییەکی میدیایی دەبینن و هەندێکی تریش بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەرەنجامەکەن.
ئێستا ملیۆنان کەس لە چاوەڕوانیدان تا بزانن ئایا ئەم گەنجە سەرکێشە دەتوانێت بگاتە قووڵایی ٦٥١ مەتر و ڕووبەڕووی ترسەکانی ناو زەریا ببێتەوە، یان ئەمە تەنها دەبێتە بەشێک لەو چیرۆکە خەیاڵیانەی کە "وەن پیس" لە دەوری خۆی دروستی کردووە. ساڵی ٢٠٢٦ وەک ساڵی ڕاستییەکان دەردەکەوێت بۆ هەوادارانی ئەم زنجیرە ئەفسانەییە.
سەرچاوە: پێگە تەکنەلۆژی و هونەرییەکان، تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب.
PM:10:44:11/03/2026