پاراماونت هەودارانی سینەما دڵنیا دەکاتەوە: فیلمەکانی وارنەر برۆس لە هۆڵەکاندا دەمێننەوە
پاراماونت هەودارانی سینەما دڵنیا دەکاتەوە: فیلمەکانی وارنەر برۆس لە هۆڵەکاندا دەمێننەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
پاش ئەو هەژاندنە گەورەیەی کە کڕینەوەی کۆمپانیای (وارنەر برۆس) لەلایەن زەبەلاحی سینەمایی (پاراماونت)ەوە لە ناوەندە هونەرییەکاندا دروستی کرد، شەپۆلێکی گەورە لە نیگەرانی و گومان لای هەواداران و چاودێرانی سینەما سەریهەڵدا. زۆرینەی شارەزایان پێیان وابوو کە ئەم گرێبەستە دەبێتە هۆی کوژاندنەوەی بریقەی فیلمە گەورەکان لەسەر شاشە سینەماییەکان و گواستنەوەیان بۆ تەنها پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، بەڵام پاراماونت بە لێدوانێکی فەرمی و پلانێکی نوێ، هەموو ئەو گومانانەی ڕەواندەوە.
کۆمپانیای پاراماونت لە نوێترین پەیامیدا بۆ هاندەرانی سینەما ڕایگەیاند، کە ئەوان نەک هەر فیلمەکان نەکەنە دیجیتاڵی، بەڵکو پلانیان هەیە ساڵانە بە لایەنی کەمەوە 15 فیلمی بەرهەمێنراوی وارنەر برۆس ڕەوانەی هۆڵەکانی سینەما بکەن. هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بە تێکڕای گشتی، ساڵانە 30 فیلمی جۆراوجۆر بۆ بینەران بەرهەمدەهێنن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زیندوو ڕاگرتنی کلتووری سینەما و چێژی بینینی فیلم لەناو هۆڵە گەورەکاندا.
ئەم بڕیارەی پاراماونت لە کاتێکدایە کە چاودێرانی سینەما لێکدانەوەی نەرێنییان بۆ گرێبەستەکە هەبوو. ترسەکە لەوەدا بوو کە وارنەر برۆس بەهۆی ئەم کڕینەوەیەوە ناسنامەی خۆی لەدەست بدات و بەرهەمە ناوازەکانی تەنها وەک ناوەرۆکێکی "ئینتەرنێتی" تەمەشا بکرێن، نەک وەک شاکارێکی هونەری کە شایەنی نمایشکردن بێت لە سینەما جیهانییەکاندا. چاودێران پێیان وابوو کە ئەم هەنگاوە بازرگانییە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕکابەری و دواجار زیان بە جۆری فیلمەکان دەگەیەنێت.
لە ڕاستیدا، ئەم گرێبەستە یەکێکە لە گەورەترین و ئاڵۆزترین گۆڕانکارییەکانی مێژووی هۆڵیوود. پێشتر ترسی ئەوە هەبوو کە چیدی فیلمە خاوەن بودجە زەبەلاحەکان و چیرۆکە کاریگەرەکان بە ئاسانی ڕێگەی هۆڵەکان نەدۆزنەوە، بەڵام بەڵێنەکەی پاراماونت بۆ نمایشکردنی 30 فیلم لە ساڵێکدا، ئومێدێکی نوێی بە پیشەسازی سینەما بەخشییەوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا کۆمپانیا گەورەکان بڕوایان بە هێزی سینەما و کۆبوونەوەی بینەران لەبەردەم شاشە گەورەکاندا ماوە.
لە کۆتاییدا، وا دیارە ململانێی نێوان "شاشەی بچوکی ماڵەوە" و "شاشەی گەورەی سینەما" بەردەوامی دەبێت، بەڵام بڕیارەکەی پاراماونت لانی کەم بۆ چەند ساڵی داهاتوو، دڵنیایی دەداتە ئەو کەسانەی کە هێشتا سینەما بە شوێنی ڕاستەقینەی فیلمەکان دەزانن. هەواداران ئێستا چاوەڕێی بینینی ئەو 15 فیلمەی وارنەر برۆسن کە بڕیارە ساڵانە بە جلی نوێ و لەژێر چەتری پاراماونتدا شاشەکان بێننە لرزین.
سەرچاوە: گۆڤاری ڤارایتی و هەواڵە سینەماییە جیهانییەکان
PM:10:38:08/03/2026