‌شۆک بۆ جیهانی تۆپی پێ؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ تووشی پێکان بووە و لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێی شەڕدا سعودیە بەرەو ئیسپانیا جێدەهێڵێت

وێستگە ستایل-

شۆک بۆ جیهانی تۆپی پێ؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ تووشی پێکان بووە و لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێی شەڕدا سعودیە بەرەو ئیسپانیا جێدەهێڵێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


سەرچاوە وەرزشییە جیهانییەکان و میدیا نزیکەکان لە یانەی نەسڕی سعوودی، هەواڵێکی شۆکهێنەریان بۆ هاندەرانی "دۆن" بڵاوکردەوە. بەپێی دوایین زانیارییەکان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی پۆرتوگالی و گۆڵکاری یانەی نەسڕ، بەهۆی پێکانێکی کتوپڕەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە یاریگاکان و مەشق و ڕاهێنانەکان دووردەکەوێتەوە، ئەمەش وایکردووە هاندەرانی ئەو یانەیە تووشی نیگەرانییەکی قووڵ ببن.


ئەم پێکانەی رۆناڵدۆ لە کاتێکی هەستیاردا دێت، چونکە یانەی نەسڕ لە ململانێیەکی توندایە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکانی ئەم وەرزە. دوای ئەنجامدانی پشکنینە تاقیگەییەکان و تیشکی (MRI)، دەرکەوتووە کە رۆناڵدۆ تووشی گرژبوونی بەهێزی ماسولکەیی بووە، ئەمەش پێویستی بە پشوویەکی تەواو و وەرگرتنی چارەسەری چڕ هەیە لەژێر سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆڕدا.


زانیارییە وردەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ماوەیەک کە لە نێوان ٢ بۆ ٤ هەفتە دەخەمڵێندرێت، ناتوانێت چوارچێوەی یاریگاکان ببینێت. ئەم ماوەیە بە واتای غایببوونی ئەو لە چەندین یاری یەکلاکەرەوەی خولی ڕوشنی سعوودی و خولی پاڵەوانەکانی ئاسیا دێت. تیمی پزیشکی نەسڕ ڕایانگەیاندووە کە پەلە ناکەن لە گەڕانەوەی بۆ ئەوەی پێکانەکەی دووبارە نەبێتەوە، هەر بۆیە بڕیار دراوە پڕۆگرامی چاکبوونەوەکەی لە دەرەوەی وڵاتی سعودیە بێت.


هاوکات لەگەڵ ئەم پێکانە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە رۆناڵدۆ و خێزانەکەی بڕیاریانداوە ڕوو لە وڵاتی ئیسپانیا بکەن. ئەم بڕیارە تەنها بۆ وەرگرتنی چارەسەر نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو دۆخە نائارامە و گرژییە سەربازییانەوە هەیە کە ناوچەکە و سنوورەکانی سعودیەی گرتووەتەوە. بەهۆی مەترسییەکانی شەڕ و تێکچوونی باری تەناهی، رۆناڵدۆ پێی باشتر بووە لەم ماوەیەی کە یاری ناکات، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بێت، کە بە شوێنێکی ئارامتر و گونجاوتر بۆ خێزانەکەی و پرۆسەی چاکبوونەوەکەی دەبینرێت، دوور لە هەڕەشە و دەنگۆکانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


چاوەڕوان دەکرێت غیابی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئاستی هونەری و جەماوەریی یانەی نەسڕ دروست بکات، چونکە ئەو نەک تەنها گۆڵکار، بەڵکو بزوێنەری سەرەکی یانەکەیە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئیسپانیان بۆ ئەوەی بزانرێت دۆن کەی دەست بە ڕاهێنانە سووکەکان دەکاتەوە و کەی دەگەڕێتەوە بۆ ناو یاریگا بۆ ئەوەی جارێکی تر جۆش و خرۆش بۆ خولی سعوودی بگەڕێنێتەوە.


سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی سکای سپۆرتس و میدیا وەرزشییەکانی ئیسپانیا.


PM:07:19:04/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل