‌پاش ساڵێکی پڕ لە قەیران و تاڵانکاری؛ کریستۆف لیریبۆ وەک سەرۆکی نوێی مۆزەخانەی لوڤەر دەستنیشانکرا

وێستگە ستایل-

پاش ساڵێکی پڕ لە قەیران و تاڵانکاری؛ کریستۆف لیریبۆ وەک سەرۆکی نوێی مۆزەخانەی لوڤەر دەستنیشانکرا


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


دوای دەستلەکارکێشانەوەی لۆرانس دی کار، کە یەکێک بوو لە خانمە دیارەکانی بواری بەڕێوەبردنی هونەری، حکومەتی فەڕەنسا بڕیارێکی گرنگی دەرکرد بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ مۆزەخانەی لوڤەر لە پاریس. ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە مۆزەخانەکە بە یەکێک لە خراپترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت و ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدای گەورە بووەتەوە کە ناوبانگی ئەم ناوەندە کولتوورییە جیهانییەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.


ئەم بڕیارەی گۆڕینی سەرۆکایەتی مۆزەخانەکە لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆر لە چاودێرانی بواری هونەر و کەلەپووری جیهانی، ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٢٦ بە "ناشرینترین و خراپترین" ساڵەکانی مۆزەخانەی لوڤەر وەسف دەکەن. لەم ماوەیەدا مۆزەخانەکە نەک تەنها لە ڕووی کارگێڕییەوە، بەڵکو لە ڕووی پاراستنی شوێنەوار و شاکارە هونەرییەکانیشەوە دوچاری پاشەکشێیەکی گەورە بووەوە، ئەمەش وایکرد فشارەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازییەکی بنەڕەتی لە لوتکەی هەڕەمی بەڕێوەبردنی مۆزەخانەکەدا زیاد بکات.


سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە وایکرد ئەم قۆناغە بە "ناشرینترین ساڵ" ناوببرێت، سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لوڤەر دووچاری زنجیرەیەک کارەساتی یەکتری بڕ بووەوە؛ لە لایەکەوە بەشێک لە پارچە شاهانەییە دەگمەنەکان و خشڵە مێژووییەکانی مۆزەخانەکە تاڵانکران، کە ئەمە وەک شکستی سیستمی ئەمنی مۆزەخانەکە لێکدرایەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، بەهۆی کەمتەرخەمی لە نۆژەنکردنەوە و چاکسازی، ژمارەیەک لە هۆڵە گرنگەکانی مۆزەخانەکە دووچاری دڵۆپە و لێچوونی ئاو بوونەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شێ و تەڕی زیانێکی زۆر بە بەشێک لە پارچە هونەرییەکان بگەیەنێت و ناڕەزایەتییەکی توندی نێودەوڵەتی لێ بکەوێتەوە.


بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، کریستۆف لیریبۆ، کە تەمەنی ٦٢ ساڵە، وەک سەرۆکی نوێی مۆزەخانەکە دەستنیشانکراوە. لیریبۆ کە مێژووناسێکی بەناوبانگی بواری هونەرە، خاوەنی ئەزموونێکی زۆر دەوڵەمەندە لە بەڕێوەبردنی ناوەندە کەلەپوورییەکاندا. ناوبراو پێشتر بە سەرکەوتوویی بەرپرسیارێتی چەندین مۆزەخانەی گەورەی لە ئەستۆ بووە، کە دیارترینیان بەڕێوەبردنی کۆشکی ڤێرسای و چەندین پێگەی ستراتیژی دیکەی فەڕەنسا بووە، ئەمەش وایکردووە وەک بژاردەیەکی گونجاو بۆ ڕزگارکردنی لوڤەر لە قەیرانەکانی ببینرێت.


لە ئێستادا، چاودێران و شارەزایانی بواری مۆزەخانەکان ئومێدێکی زۆریان لەسەر تواناکانی لیریبۆ هەڵچنیوە بۆ ئەوەی بتوانێت سیستمە ئەمنییەکەی لوڤەر نوێ بکاتەوە و شێوازە کۆنەکانی بەڕێوەبردن بگۆڕێت. ئەرکی سەرەکی ئەو تەنها چاککردنەوەی بیناکە و پاراستنی پارچەکان نییە، بەڵکو کارکردنە بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو متمانەیەی کە کارمەندانی مۆزەخانەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فەڕەنسا لەم دواییانەدا لەدەستیان دابوو، تاوەکو لوڤەر جارێکی دیکە وەک شکۆمەندترین مۆزەخانەی جیهان دەربکەوێتەوە.


سەرچاوە: میدیاکانی فەڕەنسا و ڕاپۆرتە هونەرییە جیهانییەکان


PM:10:29:03/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل