تیپی هونەرە میللییەکانی دهۆک نوێنەرایەتی هەرێم دەکات؛ ٣٩ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سورانکوندی لە هیندستان دەستیپێکرد
وێستگە ستایل-
تیپی هونەرە میللییەکانی دهۆک نوێنەرایەتی هەرێم دەکات؛ ٣٩ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سورانکوندی لە هیندستان دەستیپێکرد
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە شاری فەریدئابادی وڵاتی هیندستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و تیپە هونەرییەکانی وڵاتانی جیهان، ٣٩ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سورانکوندی مێلا (Surajkund Mela) بۆ هونەرە میللییەکان و کارە دەستییەکان دەستیپێکرد، کە تێیدا هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تیپێکی هونەریی شاری دهۆکەوە بەشدارە و کلتووری کوردی نمایش دەکات.
لە مەراسیمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا کە لە ویلایەتی هاریانە بەڕێوەچوو، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداربوون، کە پێکهاتبوون لە جەعفەر جەوهەر، نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی نوێنەرانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە. ئەم ئامادەبوونە فەرمییە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی دەبینرێت بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی کلتووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هیندستان و ناساندنی زیاتری ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە مەحفەلە نێودەوڵەتییەکاندا.
تیپی هونەرە میللییەکانی دهۆک، وەک نوێنەری فەرمی هەرێمی کوردستان لەم کەرنەڤاڵە گەورەیەدا، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی چالاکییەکاندا توانی سەرنجی میدیاکان و ئامادەبووان و بەرپرسانی باڵای هیندستان ڕابکێشێت، ئەوەش کاتێک تابلۆیەکی کلتووریی و هونەریی شایستەیان بە ناوی "شاهی" پێشکەش کرد. ئەم تابلۆیە گوزارشتێکی قووڵ بوو لە ڕەسەنایەتی و مێژووی دەوڵەمەندی ناوچەی بادینان و کوردستان، کە بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی و مۆسیقای فۆلکلۆرییەوە جوانییەکی تایبەتی بە فێستیڤاڵەکە بەخشی.
فێستیڤاڵی سورانکوندی مێلا یەکێکە لە گەورەترین و ناودارترین فێستیڤاڵە کلتوورییەکانی جیهان کە ساڵانە لە وڵاتی هیندستان ساز دەکرێت و دەبێتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییە کلتوورییەکان. ئامانجی سەرەکی ئەم فێستیڤاڵە پاراستن و نیشاندانی هونەرە میللییەکان و پشتگیریکردنی بەهرەمەندانە. لەم خولەدا، دەیان وڵات لە پێنج کیشوەری جیاوازەوە تیپە هونەرییەکانیان ناردووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی مۆسیقا و سەمای کلتوورییەوە، مێژوو و شارستانییەتی وڵاتەکانیان بە گەلانی دیکە بناسێنن.
بڕیارە چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بەردەوام بێت. لەو ماوەیەدا، تیپی هونەرە میللییەکانی دهۆک چەندین نمایشی دیکەی جۆراوجۆر لە شوێنە جیاجیاکانی فێستیڤاڵەکەدا پێشکەش دەکەن. ئەم بەشدارییە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی گەشتیاران و بەشداربووانی وڵاتانی جیهان لە نزیکەوە ئاشنای مۆسیقا، هەڵپەڕکێ و ڕەسەنایەتی کلتووری مرۆیی کورد ببن و وێنەیەکی جوانی کوردستان نیشانی جیهان بدرێت.
سەرچاوە: ڕاگەیاندنی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
PM:05:06:01/02/2026
ئهم بابهته 40
جار خوێنراوهتهوه