‌ڕامۆس ژمارەیەکی پێوانەیی لە چامپیۆنس لیگدا تۆمارکرد

وێستگە سپۆرت-

سێرجیۆ ڕامۆسی بەرگریکاری یانەی ڕیاڵ مەدرید، ژمارەیەکی پێوانەیی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا تۆمارکرد، بە جۆرێک کە خاوەنی زۆرترین ژمارەی کارتە.

ڕامۆس لە تایمی یەکەمی یارییەکەی شەوی ڕابردووی چامپیۆنس لیگ بەرامبەر بە ڕۆما، کارتێکیز ەردی وەرگرت، بەوەش ژمارەی کارتەکانی گەیشتە ٣٧ دانە، لە ١١٥ یاریدا، ئەوەش ژمارەیەکی نوێیە بۆ ئەو یاریزانەو پێشی پۆل سکۆڵزی دایەوە کە یاریزانی پێشووی مانچستەر یونایتدە.

پێشتریش لە لالیگا ریکۆردی لە وەرگرتنی زۆرترین کارتی سوور لە مێژووی خولەکە شکاندووە و ریکۆردەکە بەناوی خۆیەتی و 19 جار بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە، لەسەر ئاستی یانەی ریال مەدریدیش بەهەمان شێوە هیچ یاریزانێک نییە کارتی سووری لە رامۆس زیاتر پێدرابێت.

سێرخیۆ رامۆس لەسەر هەڵبژاردەی ئیسپانیاش لە وەرگرتنی کارتە رەنگاوڕەنگەکان کەس نییە شان لە شانی بدات و خاوەنی زۆرترین کارتە، لەسەر ئاستی یارییەکانی کلاسیکۆ لە نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆناش هیچ یاریزانێک نییە ئەوەندەی بەرگریکارەکەی ریال مەدرید لەلایەن ناوبژیوانانەوە بە کارتە رەنگاوڕەنگەکان ئاگادار کرابێتەوە.

لە مێژوودا تەنیا دوو یاریزان کارتی سووریان لە رامۆس زیاتر پێدراوە، رامۆس 24 کارتی سووری لە کاروانی وەرزشی خۆی پێدراوە، جیراردۆ بێدۆیا خاوەنی زۆرترین کارتی سوورە لە مێژووی تۆپی پێدا و لە ماوەی کارکردنی 46 کارتی سووری پێدراوە.


PM:06:19:20/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 609 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری