وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، دەنگۆی پێدانی زەوی بە بۆ دروستکردنی بەنزینخانە دوورە لە ڕاستی و هیچ مۆڵەتێک و تەرخانکردنێکی زەوی لەلایەن وەزیری شارەوانییەوە نەدراوە، جەختیش دەکاتەوە لەساڵی 2018ەوە مۆڵەتی دانانی بەنزینخانە تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیراندایە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە چەند پەیج و ماڵپەڕێكی ئینتەرنێتدا، هەواڵێکی نادروست سەبارەت بە پێدانی بەنزینخانە، لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، بڵاو کراوەتەوە، بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە، کە ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستی و هیچ مۆڵەتێک و تەرخانکردنێکی زەوی لەلایەن وەزیری شارەوانییەوە نەدراوە".
ئەوەش هاتووە، "مۆڵەتی دانانی بەنزینخانە، لە ساڵی 2018وە تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیراندایە و لەوساوە تا ئێستا هیچ مۆڵەتێکی دانانی بەنزینخانە نەدراوە، هەروەها لە کابینەی نۆیەمیش لە تەمووزی 2019وە بە بڕواوە دەیڵێین هیچ مۆڵەتێک نەدراوە، چونکە ئێستا لەلایەن لیژنەیەکی یاسایی و ئەندازیاری، کار لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕێنماییەکانی مۆڵەتی بەنزینخانە دەکرێت و لەگەڵ تەواوبوونی، بۆ هاووڵاتییان ڕادەگەیەندرێت".
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەشی خستوەتەڕو، "وێنەی ئەو نووسراوەی کە لەو ماڵپەڕانەش بڵاوکراوەتەوە، ئەوە فەرمانی تەرخانکردن نییە، بەڵکوو وەڵامی فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بۆ پرسیاری ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان و نووسراوەکە بە ئاشکرایی بۆ پەرلەمان نێردراوە و هیچ نهێنییەکی تێدا نییە.".
PM:10:16:10/04/2021
ئهم بابهته 6596
جار خوێنراوهتهوه