نێچیرڤان بارزانى: تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ هه‌نگاوێكی گرنگە بۆ عێراق و هه‌رێم


وێستگه‌ نیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ى نیسانى 2021، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جەنەراڵ جۆن تایگەرت، گەورە راوێژکاری سه‌ربازیی باڵیۆزخانه‌ی ئەمریکا لە به‌غدا و شاندێكی یاوه‌ری كرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی له‌ خواستی برەودانی زیاتری‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی، ئابووری و سه‌ربازییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كرده‌وه‌.
 
له‌ کۆبوونه‌وه‌کەدا، بەپێی راگەیه‌ندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، وه‌زیری كاروباری پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسانی سه‌ربازیی هه‌ردوولا ئاماده‌ بوون. "شاندی میوان پیرۆزباییان له‌ تێپه‌ڕاندنی یاسای بودجه‌ی عێراق له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرد، هاوبه‌شیی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانانیان دووپات كرده‌وه‌‌ و رۆڵی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یان‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رز نرخاند."
 
نێچیرڤان بارزانی‌، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ هه‌نگاوێكی گرنگە بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و جه‌ختیشی له‌ "خواستی برەودانی زیاتری‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی، ئابووری و سه‌ربازییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كرده‌وه‌."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوكارییه‌کانی ئه‌مریكای له‌ شه‌ڕی دژی داعش بۆ پێشمه‌رگه‌ و هاوكاریكردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ پرۆسه‌ی چاكسازیدا كرد، هه‌روه‌ها "خواستی هه‌رێمی كوردستانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور نیشان دا." لە راگەیه‌ندراوەکەدا هاتووە،‌ "چه‌سپاندنی سیستمی فیدراڵی له‌ عێراق به‌ كلیلی چاره‌سه‌ری له ‌قه‌ڵه‌مدا كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو لایه‌كدایه."


PM:06:06:01/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 1612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت