حکومەتی هەرێم لەسەر قسەکانی پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

‌تەلاری حکومەتی هەرێمی کوردستان

وێستگە نیوز-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارەی کە حکومەتی بە "مێینە" ناوبردوو، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەوەی لە پەرلەمان کرا قسەی نەشیاو و رق نانەوە بوو".


دەقی راگەیێندراوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و کۆششی تەواو دەدات لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و زامنکردنی بژێویان و دەستەبەرکردنی ئارامی و خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان. بەڵام بەداخەوە کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچى دەستەواژەی نەشیاو و دوور لە کاری پەرلەمانی و سیاسى بەکاردەهێنن و ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن وەک ئەوەی بەداخەوە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بینیمان کە ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە کاری پەرلەمانی و باشترین پەیوەندیشی لە گەڵ دامەزراوە دەستوورییەکان و پەرلەمانی کوردستان هەیە. چاوەڕوانى ئەوەشى هەیە پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا، هەڵسوکەوت بکەن و بەرگری لە مافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکەن.

د. جوتیار عادل
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان


PM:06:57:31/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 3316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو