روسیا نیگەرانە لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا
نزیکەی مانگێکە پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و روسیا بەهۆی دەستگیرکردنی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە تێکچووە، وتەبێژی کۆشکی کۆماری ئەو وڵاتەش رایگەیاند، پۆتین'ی سەرۆک نیگەرانە لەو پەیوەندییانە.

نزیکەی مانگێک تێپەردەبێت بەسەر تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و روسیا بەهۆی دەستگیرکردنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، لە ئێستاشدا وتەبێژی کۆشکی کریملین رایگەیاندووە، سەرۆک پۆتین بە تەواوی نیگەرانە لە بەرامبەر تێکچوونی ئەو پەیوەندیە و لە هەوڵدایە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان. 

دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کریملین دەڵێت، نابێت ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئەوروپا بەربەست بۆ گفتوگۆی دوولایەنە یاخود هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دروستبکات، هەر بارودۆخێک بێتە پێشەوە دەبێت دەرفەتی گفتوگۆ بهێڵدرێتەوە.
 
مانگی پێشوو ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسی لە لایەن مۆسکۆوه‌ دەستگیرکرا، پاش ئەو رووداوەش یەکێتی ئەوروپا چەندین داواکاری پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ کرد بەڵام سەرجەمیان بێ وەڵام بوون. 
 
رۆژی هەینی رابردووش جۆزێف بۆرێل بۆ بابەتی ناڤالنی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سەردانی مۆسکۆی کرد، لە سەردانەکەیدا داوایکرد لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنە لە رووداوی ژەهراویکردنی سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن بکرێت.
 
لە بەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا بەرگری لە وڵاتەکەی کرد و جەختی کردەوە، "ئەوە خۆپێشاندەرانن بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیانکردووەتە سەر پۆلیس و ئێمە مافی مرۆڤ پێشێل ناکەین".


AM:11:47:11/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 2028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو