زانیاری نوێ لەبارەی کەوتنەوەی ئاگر لەنەخۆشخانەیەکی سلێمانی بڵاوکرایەوە


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی شۆڕش لەشاری سلێمانی گڕیگرت، لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی و تەندروستییەوە سەرجەم نەخۆشەکان بەپارێزراوی لەنەخۆشخانەکە براونەتە دەرەوە و ئاگرەکەش کۆنتڕۆڵکراوە.

سامان نادر، به‌ڕێوبه‌ری سه‌نته‌ری فریاگوزاری خێرای سلێمانی 122 به‌ وێستگەنیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردو بەشی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی شۆڕش گڕیگرت، سەرجەم تیمە فریاگوزارییەکان رەوانەی شوێنی روداوەکە کراون و دوای ماوەیەکی کەم ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئەو کەسانەی بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکە یان ئەو نەخۆشخانەی لەناو نەخۆشخانەی شۆڕش بوون بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانیان رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراون.

بەگوێرەی زانیارییەکان تائێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە و لەئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و بەوهۆکارەش بۆ ماوەیەکی کاتی نەخۆشخانە پێشوازیکردنی لەنەخۆش راگرتوە.

لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی نەخۆشخانەکە رایانگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە روداوەکە، لەئێستادا بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە پێشوازیکردن لەو کەسانەی راگرتوە کەسەردانیان دەکەن و ئەوەش رێکارێکی کاتییە.

هـ.هـ


AM:08:24:27/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت