سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق بودجە و پشکی هەرێم تاوتوێ دەکەن

‌کۆبوونەوەی د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لەبەغدا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا رێککەوتوون لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوور لە ململانێ سیاسییەکان، هەروەها جەختیانکردوەتەوە لەپێویستی چەسپاندنی ئارامی وڵات.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و گفتوگۆکرا سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵات.

ئەوەش هاتووە، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا بەگرنگییەوە باس لە پێویستی چەسپاندنی ئارامی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی یاسا کرا، لە پێناو زامنکردنی ئاشتی و ئاسایشی گشتی و رێگریکردن لەو کارانەی لە دەرەوەی یاسان و رێکخستنەوەی چەک.

پەیوەست بە هەڵبژاردنیش لەراگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا باس لەوەکراوە، هەردوولا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی داهاتوویانکرد و پێداگری کرا لەگرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و پشتیوانی تەواوی خۆشیان دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، هەروەها گرنگی چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی جددی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و زامنکردنی دەرفەتی بەشداری فراوان بۆ گشت هاووڵاتیان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئابووری عێراق و بودجەی گشتی کراوە، بۆ ئەو مەبەستە ھەردوولا "رێککەوتن لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوور لە ململانێ سیاسییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسییە داراییە هەڵپەسێردراوەکان، بەجۆرێک زامنی مافی مووچەخۆران و هاووڵاتیان و چین و توێژە کەمدەرامەتەکان بکات بەبێ جیاوازی".


PM:08:14:18/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو