سەبارەت بەفرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی روونكردنەوە دەدرێت


وێستگە نیوز-

زانكۆی سلێمانی رەتیدەكاتەوە كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی بفرۆشرێت و داوا لەداواكاری گشتی و پارێزگای سلێمانی دەكات رێكاری یاسایی بگرنەبەر و خۆیشیان دەستكراوە دەبن بۆ وەرگرتنی رێكاری یاسایی.

‎زانكۆی سلێمانی لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، لەڕۆژانی رابردوو چەند كەسێك نابەرپرسانە دوور لە پێوەرە یاسایی و ئەكادیمیەكان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەپێناو بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی خۆیان، دەستیان كردووە بە ھەڵمەتێكی چەواشكارانە سەبارەت بە فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی (كەمپی ناوشار).

زانكۆی سلێمانی دەڵێت "تەواوی ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە و دڵنیایی دەدەینە دڵسۆزان وخەمخۆرانی شارەكەمان و زانكۆكەمان كە كەمپی كۆنی زانكۆ یەكێكە لە ڕەمزە دیار و مێژووییە پارێزراوەكانی پایتەختی رۆشنبیری، كەمپی ناوبراو ھەنوكە لە چوارچێوەی ھەشت كۆلێجدا نزیكەی ١٠ ھەزار خوێندكاری زانكۆی سلێمانی لەخۆگرتووە، بەپێچەوانەوە زانكۆی سلێمانی لە ھەوڵی كرنەوەی كلینیك و تاقیگەیەكی پزیشیكی نوێیە لەناو ئەو كەمپەدا بۆ توێژینەوەی پزیشكی كە ھەموو ئەمانەش ھەر خۆیان لەڕووی لۆجیكییەوە ئەو ھەواڵانە بەدرۆدەخەنەوە".

زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەرای سەرزەنشتكردنی ئەو پڕوپاگەندانە، داواكارن لەداواكاری گشتی و پارێزگای سلێمانی رێكاریی یاسایی بگرنەبەر بە پێكھێنانی لیژنەی لێكۆڵێنەوە بۆ ھەموو ئەو كەسانەی لە ئەكاونتی كەسی و تۆرە كۆمەڵایەتیەكانەوە تۆمەتی بێ بنەما بڵاودەكەنەوە بۆ لەكەداركردنی زانكۆی دایك و شاری سلێمانی و ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی بڵاوبكەنەوە، ئەوانیش لەڕۆژانی داھاتوو دەستكراوە دەبن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ھەموو ئەو كەسانە.

كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی دەكەوێتە سەنتەری شاری سلێمانی لەنزیك گەڕەكی مەجید بەگ، كەمپی نوێش دەكەوێتە نزیك ناوچەی قلیاسان.


PM:08:40:22/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 4396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت