پەرلەمانتارێک: گفتوگۆی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2021 ده‌ستپێده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاند، قەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2020ی عیراق، نزیکەی 146 ترلیۆن دینارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، نزیکەی 80 ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە.


ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئه‌یلول، ماهر جوهان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020مان رەوانەی وەزارەتی دارایی کرد و ئەوانیش بۆ پەسەندکردنی، رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد".

راشیگەیاند: "پرۆژەکە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی پەسەندی بکات و رێگە خۆشبێت لەبەردەم پەسەندکردنی یاسای قەرزکردن بۆ پێدانی شایستەی فەرمانبەران و هاوڵاتیان".

باسی لەوەشکرد، پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2020 کە وەزارەتی دارایی چوارشەممەی رابردوو رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، هەمان پرۆژەیاسایە کە پێشتر ئامادەکرابو هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

دەشڵێت: "تەنها پلانی دامەزراندن کە بەهۆی خانەنشینکردنی ژمارەیەک فەرمانبەران دابینکران لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021دا جێگیر دەکرێن کە ئێستا کار بۆ ئامادەکردنی دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت و بانکی ناوەندیی و دەستەی گومرک و فەرمانگەی قەرزی گشتی کار بۆ دابینکردنی پارە بۆ بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021 دەکەن.

لای خۆیه‌وه‌ حه‌سه‌ن ئاڵی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2021، ئێستا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌، بڕیاره‌ به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیره‌كانی حكومه‌ت گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: تا ئه‌و كاته‌ی بودجه‌ی 2021 په‌سه‌ند ده‌كرێت، به‌غدا مانگانه‌ بڕی 320 ملیار دینار ده‌نێرێت و هه‌ركاتیش رێككه‌وتن كرا له‌ ساڵی نوێوه‌ بودجه‌ی نوێ بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كرێت.

چەند رۆژی رابردووش، شاندێکی تەکنیکی هەرێم کە پێکدەهاتن لە دوو وەزیر و چەند بەڕێوەبەرێکی هونەری وەزارەتی دارایی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە، بۆ تاوتوێی پرسی بودجەی 2021ی فیدراڵیی چوونە بەغدا. چاوەڕواندەکرێت بە زوویی شاندێکی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجە سەردانی بەغدا بکەن.

تا ئەم ساتەش، لیژنەکانی ئامادەکردنی بودجەی گشتیی لە پەرلەمان و حکومەتی عیراق، هەر بڕی لە سەدا 12.67یان بۆ هەرێم داناوە و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.

وابڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی 10ی داهاتوودا، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بچێتە ناو پەرلەمانی عیراق و دەنگی لەسەر بدرێت.



AM:11:58:06/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 2784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت