وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی موچەی فەرمانبەران وەڵامی بەغدا دەداتەوە


وێستگەنیوز-
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرچەندە ئەوان مانگی 12ی ساڵی 2019 لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراق کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆکایەتی دەکرد گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەردوولا و بەردەوامیدان بە ناردنی بودجەی هەرێم بە گوێرەی یاسای بودجە، بەڵام لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بەبێ هیچ پاساوێک بەغدا ناردنی موچەی فەرمانبەرانی راگرتوە و "هەست دەکەین دەستی دەستی بەو پرسەوە دەکرێت".

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بە زمانی عەرەبی ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی وەرگرتوە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بنەمای دەستور لە نێوان هەولێر و بەغدا چڕکردوەتەوە، بۆیە 16/7/2019 سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی یەکەم سەردانی بۆ بەغدا ئەنجامدا و سیاسەت و شێوازی کارکردنی خۆی بۆ  چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دەستوری رونکردەوە.

ئەوەش هاتوە، بۆیە لە 25/7/2019 یەکەم کۆبونەوە بە ئامادەبونی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەولێر بەڕێوەچوو و هەردولا گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی، لەو کاتەدا حکومەتی هەرێم نەرمییەکی زۆری نواند بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، ئەوە بوو لە 1/12/2019 هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنێک کە پارێزگاری لە مافی هەردوولا دەکرد و ئەو رێککەوتنەش دەکرایە بنەما بۆ یاسای بودجەی ساڵی 2020، بەڵام حکومەتی عێراق لەو کاتەدا دەستی لەکارکێشایەوە و پێویست بوو کارکردن بەو لێکتێگەیشتنە بۆ بەردەوامیدان بە ناردنی موچەی فەرمانبەران هەبووایە و ئەو پرسە تێکەڵ بە ململانێی سیاسی نەکرابووایە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمدا هاتوە، رۆژی 16/4/2020 حکومەتی فیدڕاڵی بەبێ هیچ بنەمایەکی دەستوری و یاسایی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرت، بەڵام حکومەتی هەرێم لەسەر شێوازی کارکردنی خۆی کە چارەسەرکردنی کێشەکانە بەردەوام بوو و شاندی دانوستانکاری هەرێم چەندجارێک لەو ماوەیەدا سەردانی بەغدا کردوە، لە ئێستاشدا تێبینی ئەوە دەکرێت دەستی دەستی بە گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوسەنگ دەکرێت کە پەیوەستە بە شایستە داراییەکانی هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵ پابەندە بە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەتی هەرێم لە پێشنیازی بە هاوبەشی پاراستنی دەروازە سنورییەکان و چاودێریکردنی داهات و خاڵە گومرگیەکاندا نەرمی نەنواندوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆیە داوا لە هەولێر دەکەن پەلەبکات لە جێبەجێکردنی پابەندبونە دەستورییەکانی و گەڕانەوەی بۆ گفتوگۆکان،  ئەویش بە ئامانجی گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد کە لەدۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابوریدا دەژین.

هاوکات رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا هیچ بەربەست و بیانویەکی دەستوریی، یاسایی و دارایی نەهێشتوەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بەڵام زیاتر لە سێ مانگە بەغدا ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، لەسەر پرسی موچەش بڕیاردرا سەرەتای هەفتەی داهاتو بڕیاری لەبارەوە بدرێت.

هـ.هـ


PM:08:26:13/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 18992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت