مه‌ترسی له‌سێداره‌دانی به‌ندكراوێكی سیاسی كورد له‌ ئارادایه‌

‌حەیدەر قوربانی

وێستگه‌ نیوز ـ
دۆسیەی بەندکراوی سیاسیی کورد حەیدەر قوربانی بەڕێکراوە بۆ بەشی جێبەجێکرانی حوکمەکانی دادسەرای سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ناوبراو و ئەگەری زۆرە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو سزایه‌ جێبەجێ بکرێت.


هەروەک رێكخراوی هەنگاو پێشتر رایگەیاندبوو، تەنیا بەڵگەی سەلماندن بۆ تۆمەتی کوشتن کە دراوەتە پاڵ حەیدەر قوربانی، دانپێدانانی ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەدایە.

رێكمراوی هەنگاو داوا لە هەموو رێکخراو و چالاکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە مەبەستی گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە خێرایی زانیاریی لەم بارەوە بڵاوبکەنەوە و هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گڕ.

رۆژی پێنجشەممە 6ی ئابی 2020، سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران لەلایەن لقی 27ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کراوە و پارێزەرەکانی ئەو سزایەیان بە بنەماڵەی راگەیاندووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قوربانی لەوبارەوە بە هەنگاوی راگەیاند: حەیدەر قوربانی مانگی رێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی بەغی و هاوکاری و ئەندامەتی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو سزایە (28ی حوزه‌یرانی 2020) لە ناو بەندیخانەی سنە بە فەرمی پێی راگەیەندراوە.

حەیدەر قوربانی مانگی رەزبەری 2016، لەگەڵ ژن براکەی بە ناوی مەحموود سادقی، کە هەردوویان خەڵکی گوندی بزوەش، سەر بە شاری کامێران بوون، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە دەستبەسەرن.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە (6ی ئۆکتۆبری 2019) لە دۆسیەیەکی دیکەدا و لەلایەن لقی 1ی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنە بە تۆمەتی هاوکاری کردن و کارئاسانی بۆ کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران لە کامێران دادگایی کرابوون. بە پێی ئەو سزایە حەیدەر قوربانی حوکمی 118 ساڵ و شه‌ش مانگ بەندکران و لێدانی 200 قامچی و مەحموود سادقی سزای 40 ساڵ و شه‌ش مانگ بەندکران و لێدانی 200 قامچییان بە سەردا سەپابوو.

حکوومەتی ئێران سێ ساڵ پێش لە یەکێک لە کاناڵەکانی خۆی بە ناوی (پرێس تی وی) کە کاناڵێکی ئینگلیزی زمانە، فیلمێکی لە دانپێدانانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد بڵاو کردەوە.

بە وتەی نزیکانی ناوبراو، حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە، ناچار بەو دانپێدانانە بووە و ناچار کراوە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران وە ئەستۆی خۆی بگرێت.

لەو فیلمە 20 خولەکیەدا، تۆمەتبار لە پێش بنەماڵەی ئەو کوژراوانە کە سەر بە حکوومەتی ئێرانن، دانێشتووە و دان بە کوشتنیان دەنێت.
 


AM:08:55:09/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت