یەکێتی چاوەڕوانی کۆبونەوەیەو دەڵێن پارتی لەناوخۆیاندا کێشەیان هەیە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
دواخستنی كۆبوونەوەی دوێنێی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر داوای پارتی بووە و تائێستاش یەكێتی چاوەڕێی دیاریكردنی وادەی كۆبوونەوەكەیە.


بەپێی زانیارییەكانی وێستگە نیوز كە لەسەرچاوەیەكی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە دەستی كەوتووە، ئەوان تا ئێوارەی دوێنێش چاوەڕێی پارتییان كردووە بۆ كۆبوونەوەی نێوانیان، بەڵام پارتی پەیوەندی پێوە نەكردوون، بۆیە ئێستا لەلایەن یەكێتییەوە كێشەی كۆبوونەوە نییە، سەرچاوەكە روونیكردەوە، بەرپرسێكی باڵای پارتی كە نێوەندگیری بۆ كۆبوونەوەكە دەكات  پەیوەندی پێوەكردوون و وتویەتی "بەهۆی كێشە و پێداگیری توندڕەوەكانی نێو پارتییەوە كۆبوونەوەكە دوادەكەوێت".

ئەو سەرچاوەیە بەدووری نەزانی هۆكارێكی دیكەی دواكەوتنی كۆبوونەوەكە بۆ سەردانەكەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ شاری هەولێر بێت كە بەهۆیەوە دوو سەركردەی یەكێتیش لێدوانی توندیان دا و پاشان مەكتەبی راگەیاندنی هەردوولا وەڵامی توندی یەكدییان دایەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتی: "ئەو قسانەی لاهور شێخ جەنگی لەشاری هەولێر كردی، بۆ نموونە لەگواستنەوەی چەند مەكتەبێك بۆ ئەو شارە پلانی یەكێتی بوو، بەڵام دەكرا بەشێوەیەكی هێمنتر كارەكان بكرانایە".

پێشتریش وێستگە نیوز بڵاویكردەوە: لەحاڵەتی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، فازیڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی سەرۆكایەتی شاندی حزبەكەی و بافڵ تاڵەبانیش، هاوسەرۆكی یەكێتی سەرۆكایەتی شاندی یەكێتی دەكات.

هــ. ر


PM:02:00:26/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 2856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت