پەرلەمانتارێكی گۆڕان: قەزیەی كورد گەلێك لەوە گەورەترە كە ئێمە چاومان لە موچە بێت كەم بكرێتەوە یان زیاد بكرێت

‌یاسین خزر

وێستگە نیوز-

پەرلەمانتارێكی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، قەزیەی كورد گەلێك لەوە گەورەترە كە ئێمە چاومان لە موچە بێت كەم بكرێتەوە یان زیاد بكرێت و دەڵێت، هەرێمی كوردستان ئەگەر دادپەروەری تێدا بێت سێ دەوڵەتی وەكو كوردستان بەڕێوە دەبات كە ئێمە نزیكەی شەش بۆ حەوت ملیۆنین.

یاسین خزر، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بەدەنگی ئەمەریكا راگەیاندووە، پەرلەمان لەبەر هۆكاری كۆرۆنا كۆنابێتەوە، بەڵام دوو كۆبونەوەشیان كردووە، لەوانەیە هەفتەی داهاتوو بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان كۆببێتەوە.

سەبارەت بەوەی بۆچی لەم كاتەدا پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە لەكاتێكدا بەهەمان شێوە كۆرۆنا لە عێراقیشدا هەیە؟ یاسین خزر دەڵێت" خۆم لە ئەدای خۆم لە پەرلەمان ڕازی نیم وەكو پەرلەمان بەڵام بەراورد ناكرێت بە عێراق ، عێراق دەستوری هەیە و عێراق سەد ساڵە دەوڵەتە، خۆ ئێمە دەوڵەت نین، ئێمە هەرێمین، جیاوازیمان هەیە، ئێمە هەر چواردەورمان دوژمنە، عێراق دەستوری هەیە، ئێمە دەستورمان نییە".

ڕونیشیكردەوە "من كە دەڵێم لە ئەدای خۆم ڕازی نیم مەسەلەكە ئەوە نییە كە پێم خراپ بێت، هەتا ڕادەیەك باشە، بەڵام ئەو تموحەی كە من هەمە لەچاو ئەو پەرلەمانەی جیایە".

یاسین خزر باسی لەوەكردووە "پەرلەمانی كوردستان كە ئێستا هەموو لایەنەكانی تێدایە و ئۆپۆزیسیۆنی تێدایە و دەسەڵاتی تێدایە، ئەو پەرلەمانە چەندینجار پەكخراوە، بەڵام ئەمجارە ئەوەی من تێبگەم بەئەنقەست پەك نەخراوە لەبەر نەخۆشی كۆرۆنا كە گەلێك زۆرە و بەربڵاوە ئێمەش دەوڵەت نین بتوانین چارەسەری بكەین، ئێمە كەرتی تەندروستیمان وێرانە، كەرتی ئابوریمان وێرانە، ئەو حكومەتە تازە نزیكەی 9 مانگە پێكهاتووە، خۆ ناتوانێت بە 9 مانگە هەموو شتێكی جێبەجێبكات، ئەو كۆرۆنایەش بەڵایەك بوو بەسەرماندا هات، ئێمە دەنگدانمان كردووە لەسەر یاسای چاكسازی كە ئەو چاكسازیانە بكرێت لە كوردستان، بەڵام كۆرۆنای بەسەردا هات".

دەربارەی بڕینی ڕێژەیەك لەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم، یاسین خزر دەڵێت "بڕوا ناكەم هیچ ئەندام پەرلەمانێك ڕازی بێت بەو شتەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوویەتی، بەڵام قەزیەی كورد گەلێك لەوە گەورەترە كە ئێمە چاومان لە موچە بێت كەم بكرێتەوە یان زیاد بكرێت، ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتێكی كوردی دروست بكەین، هەر سێ پارچەكەی دیكە چاوی لەو دەوڵەتەیە، ئێمە نامانەوێت ئەو دەوڵەتە بڕوخێنین، ئێمە دەمانەوێت ئەو دەوڵەتە چاك ببێت چەندین ساڵە كورد دەناڵێنێت بۆ ئەو دەوڵەتە، ئەی ئێستا دەكرێت لەبەر ئەوەی دەوری 6 مانگ مووچە دواكەوتووە یان دوانەكەوتووە، ئێمە با چاكی بكەین لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، با ئێمە وەكو پەرلەمانتار هاوكاری حكومەت بین و هاوكاری میللەت بین".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئەوەشی وت " ئێمە دوژمنی میللەتی خۆمان نین، ئێمە كە گەیشتوینە ئەو شوێنە بەدەنگی ئەو میللەتە گەیشتوینەتە ئەو شوێنە فەرزە لەسەرمان خزمەتی تاك بە تاكی ئەو میللەتە بكەین، بەڵام ناكرێت بڵێت قەوارەیەك هەڵدەوەشێنمەوە لەبەر ئەوەی حكومەت مووچەی كەمكردۆتەوە، من لەگەڵ دەوڵەتی كوردیم هەتا سەر ئێسقان، من قوربانیم داوە لەپێناو ئەو دەوڵەتە و خاوەن شەهیدم من گوندم وێران كراوە، ناوچەم وێران كراوە خۆ من بەتەمەنم لەدایكبووی 1976ە، من ئەو ناخۆشیانەم هەمووی بە بیردێت ئەنفالم بەبیر دێت كیمیابارانی هەڵەبجە و بالیسان و شێخ وەسانان، بارزان دۆڵی جافایەتی ئەوانەم هەمووی بەبیردێت".

یاسین خزر وتویەتی "خۆ من كەسێك نیم لە خۆڕا بووبم بە ئەندام پەرلەمان ڕاستە پیشەكەم عەرەبانەچی بووم و عەرەبانەم هەبووە، بەڵام لە هەمانكاتدا كەسێكی چالاكوانی مەدەنی بووم، چالاكوانی سیاسی بووم، چالاكوانی ژینگەیی بووم، خۆ من لە خۆڕا نەگەیشتومەتە ئەو شوێنە خەڵك وا دەزانێت ڕێك دەستی عەرەبانەم گرتووە و هاتومەتە ئەوێ".

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان دەشڵێت "هەرێمی كوردستان ئەگەر دادپەروەری تێدا بێت سێ دەوڵەتی وەكو كوردستان بەڕێوە دەبات كە ئێمە نزیكەی شەش بۆ حەوت ملیۆنین، بەڵام دادپەروەری تێدانییە، چەند مافیاگەراییەك هەیە لە كوردستان كۆنتڕۆڵی هەموو شتەكانی كردووە دەبێت حكومەتی هەرێم ئیش لەسەر هەموو ئەوانە بكات بۆ ئەوەی چاكی بكاتەوە، هەمووی داهاتی كوردستان بێتەوە وەزارەتی دارایی، چونكە ئەگەر دادپەروەری هەبێت و دزی و گەندەڵی تێدا نەبێت سێ دەوڵەتی وەكو كوردستانی پێوەبەڕێوە دەبەم كە دەكاتە نزیكەی هەژدە ملیۆن، بەڵام دادپەروەری تێدا نییە".

هەروەها رونیكردەوە "كە من دەڵێم داهاتی كوردستان ئەو داهاتە نایەتە ناو سندوقی حكومەتەوە، بەڵكو دەچێتە گیرفانی چەند بەرپرسێكەوە ئێمە دەبێت چاكسازی لە داهاتی كوردستاندا بكەین".

ناوبراو وتویەتی "هەموومان خەونی دەوڵەتی كوردی دەبینین، بەڵام برسیەتیش ڕەگێكی هەیە لە هاری، ئێمە هێشتا نەگەیشتونەتە ئەو قۆناغە لەبرسدا بمرین ڕاستە دۆخمان ناخۆشە ، مووچە و كارەبا و ئاو نییە، خزمەتگوزاری نییە، من بە شەخصی خۆم قسە دەكەم ئەگەر پارەشم نەبێت زۆر لام ئاساییترە بەس دەوڵەتی كوردیم هەبێت بەڵام بەگشتی قسە ناكەم".

سەبارەت بەوەی وەزیری دارایی لە پشكی حیزبەكەیەتی، ئەو پەرلەمانتارە وتویەتی "خۆ وەزیری دارایی هێزی چەكداری نییە ڕێ لە مافیا دەگیرێت؟ ئێ ئەوە مافیاگەراییە زۆر شت بەیاسا كراوە بۆ نموونە كۆمپانیا هەیە ئەوە زانیارییە لەلام بە بەڵگە كە داهاتی ژمارەی ئۆتۆمبێل دەكات هەر ژمارەی بە 55 هەزار، كۆمپانیایەك بەڕێوەی دەبات كە 15 هەزار بۆ حكومەتە و 40 هەزار بۆ كۆمپانیایە ئەی ئەوە مافیا گەرایی نییە؟! بۆ حكومەت بۆ خۆی نایكات؟! ئێمە كە چوینە ناو حكومەت بۆ ئەوەی چاكسازی لە هەموو سێكتەرەكان بكەین ئەوەندەی توانامان هەبێت دەیكەین ناوەستین و ئێمە نابێت كۆڵ بدەین هەرچاكسازی دەكەین "پشتیوان بەخودا".



AM:11:27:17/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 2504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو