بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا گوندێکی دیکە لە دانیشتوانەکەی چۆڵکرا


وێستگەنیوز-

بەرێوەبەری ناحیەی باتیفا لەسنوری قەزای زاخۆ رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا ئەمڕۆ گوندی ئەڤلە لەسنوری ناحیەی باتیفا لە دانیشتوانەکەی چۆڵکرا.

دلشێر عەبولستار، بەرێوەبەری ناحیەی باتیفا تایبەت بە وێستگەنیوزی راگەیاند، ئەمشەو بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی سوپای تورکیا گوندی ئەڤلە  لەسنوری ناحیەی باتیفا بە تەواوی چۆڵکرا، ئەوەش دوەم گوندە لە سنورەکەدا چۆڵدەکرێت چونکە لە چەند رۆژی رابردودا گوندی کەشانێ بەهەمان هۆکار چۆڵکرابوو.

لەلایەکی دیکەشەوە زێرەڤان موسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار لە سنوری قەزای زاخۆ بە وێستگەنیوزی راگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناو سنوری هەرێمی کوردستان، کاتژمێر 3:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێکی سەربازی ئەو وڵاتە لە چیای شاقۆڵ لە سنوری ناحیەی دەرکار جێگیرکراوە و تورکیا لەرێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئەو هێزەی بۆ سەرچیاکە دابەزاندوەتەوە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی تورکیاوە ئەوە شەشەمین خاڵی چاودێریی ئەو وڵاتەیە کە لەسەر چیاکان و شوێنە دیارەکانی سنوری قەزای زاخۆ جێگیر دەکرێن.

بە گوێرەی زانیارییەکان چیای شاقۆڵ بۆ هێزی سەربازی تورکیا خاڵێکی گرنگ بووە کە بتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، چونکە چیایەکی بەرزە و دەتوانێت لەو خاڵەوە ئاستی چاودێری هێزەکانی زیاتر بکات، لەو پێناوەشدا ئەمشەوە لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە هێزی بۆ سەر چیاکەوە هێناوە و خاڵی چاودێری تێدا جێگیرکردوە.


PM:10:52:10/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت