شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق کۆبووەتەوە، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش رایگەیاند، کۆبونەوەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەناوچە کێشە لەسەرەکان.

یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دیدارێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبونەوەیەک لە نێوان شاندی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا لە بەغدا بەڕێوەچوە و باس لە چۆنیەتی کارکردنی سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش کراوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەکان لەناوچە جێناکۆکەکان کە بۆشایی ئەمنی لە هەندێ ناوچە دەگاتە 13 کیلۆمەتر.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەنگۆی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی رەتدەکەنەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە رۆڵی پێشمەرگە لە جەنگی دژی تیرۆردا رۆڵێکی کاریگەر و قارەمانانە بووە،  بەڵام کۆبونەوەکانی ئەمڕۆ لەچوارچێوەی هەماهەنگی هاوبەش بووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش لەناوچە کێشە لەسەرەکان.

رۆژی یەکشەممە سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وێستگەنیوزی رایگەیاند، بە ئامانجی دورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و رێگریکردن لە تێکچونی ئاسایشی دانیشتوانی ناوچەکە، وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق چوار ناوەندی هاوبەشیان بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچە جێناکۆکەکان پێکهێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی بەردەوامدابوون بۆ دروستکردنی هەماهەنگییەکی فراوان بە ئامانجی دورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و رێگریکردن لە زیاتر تێکچونی ئاسایشی سنورەکە، لە ئەنجامدا ئەمڕۆ یەکشەممە هەردولا گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی چوار ژوری هەماهەنگی لەناوچە جێناکۆکەکان کە ئەوانیش دەکەونە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەوا و مەخمور.

هـ.هـ


PM:08:54:09/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 2316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو