گۆرانیبێژو ڕاگەیاندنکار شێرزاد عەبدولڕەحمان کۆچی دوایی کرد

‌شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان

وێستگە نیوز ـ

شێرزاد عەبدولڕەحمان، نوسەرو رۆژنامەنووسی دیاری شاری هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی نەخۆشی شێر پەنجەوە کۆچی دوایی کرد.

دوای چەند ساڵێك نەخۆشكەوتنی و وەرگرتنی چارەسەر لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەمڕۆ شێرزاد عەبدولرەحمان نوسەرو رۆژنامەنووس و ھونەرمەند بەھۆی نەخۆشی شێرپه‌نجه‌وه‌ لە نەخۆشخانەی رزگاری ھەولێر کۆچی دوای کرد.

شیڤان شێرزاد، كوڕی شێرزاد عەبدولرەحمان رایگەیاند، ئەمڕۆ باوكی كۆچی دوایی كردووە.

ژیاننامەی شێرزاد عەبدولرەحمان:

شێرزاد عەبدولرەحمان - گۆرانیبێژ و راگەیاندکار. ناوی تەواوی (شێرزاد عەبدولرەحمان مامە)یە، لە عەشیرەتی نانەکەلییە.

ساڵی 1958 لە گەڕەكی (تەیراوە) ی شاری هەولێر لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی زانین تەواو کردووە، بەهۆی زیرەکی خۆی پۆلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی نەخوێندووە راستەوخۆ بەشداری لە ئەزموونەکانی چوارەمی سەرەتایی کردووە و توانیویەتی سەرکەوتوو بێت، ئەمەش لەسەر دەستی شەهید یوسفی دەربەدەری برای، ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانەی کۆماری بووە.

شێرزاد عەبدولرەحمان دەنگێکی رەسەن لە موزیک و گۆرانی، قەڵەمێک بوێر لە نووسینی وشەی جوان، 46 ساڵ لە خزمەت رۆژنامەگەریی کوردی دا، ھونەرمەند و ڕۆژنامەنووسی (شێرزاد عەبدولرەحمان) ساڵی 1970 لە رادیۆی كوردی بەغدا بە گۆرانی (دۆستە دۆستە) خۆی خزاندە نێو ھونەر و موزیک، پاشان چەندین گۆرانی دیکەی بڵاوکرایەوە و ناوبانگی دەرکرد. دواتر گۆرانی (لیمۆ ھەی لیمۆ) بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن تۆمار دەکات، جگە لەوەش وەک بچووکترین ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی ھاوکاری و گۆڤاری ڕەنگین سەدان ڕێپۆرتاژ بڵاودەکاتەوە، ناوبراو خاوەن برایەکی شەھیدە بە ناوی (یوسف دەربەدەر) کە ھەم ڕۆژنامەنووس بوو ھەم شاعیر، كه‌ لەسەر ھەڵوێستەکانی بەرامبەر بە حیزبی بەعس لە سێدارە درا و تا ھەنوکەش تەرمەکەی نەدرایەوە خانەوادەکەی).

شێرزاد عەبدولڕەحمان لە ئەزموونی 46 ساڵی تەمەنی ڕۆژنامەنووسی خۆیدا توانیوویەتی 24 کتێب پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی بکات، (9) بەرگیش لەو کتێبانەی نووسیوویەتی لەسەر یاوەرانی (بارزانی نەمر) بووە و بە ناونیشانی (ژیان و بەرخودان)، ھاوکات یەکێک لە کتێبەکانی لە بارەی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە وەک مەنھەجێک لە کۆلێژ دەخوێندرێت، کتێبی (دڵدار)ـی شاعیریش بۆ چەند جارێک چاپ دەکرێتەوە، دوا بەرھەمیشی لە نووسینی کتێبدا بە ناونیشانی (فەلەکەدین کاکەیی دوور لە سیاسەت) بووە کە بە ھەردوو زمانی (عەرەبی و کوردی) نووسراوە.

ماوەی زیاتر لە 10 ساڵیش وەک بەرپرسی نووسینگەی ھەولێر لە ڕۆژنامەی (الشرق الاوسگ)ـی لەندەنی کاریکردووە و ڕۆژانەش بابەتەکانی کراوە بە مانشێتی ئەو ڕۆژنامەیە کە پڕبوون لە ھەواڵی گەرمی کوردستان و پڕۆسەی ئازادی لە عێراق.

لە مێژووی کاری ڕۆژنامەنووسی خۆیدا چەندین بەرپرسیارێتی پێدراوە لەوانەش (ڕاوێژکاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە کابینەی پێنجەم و شەشەمدا)، سەرنووسەری گۆڤاری (ھەرێمی کوردستان) و بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی (ھاوکاری و خەبات و برایەتی) و گۆڤاری (گوڵان) بۆ ماوەی 20 ساڵ زیاتر، دواترینیشیان بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی (ھەولێر)ـی سەر بە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

شێرزاد عەبدولڕەحمان ساڵی 1984 لەگەڵ هونەرمەندی بواری شانۆ جیهان ئەحمەد ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەن 6 منداڵە 3 کوڕ و 3 کچ، بە ناوەکانی (ئیڤان - شیڤان - سۆنیا - ئالان - سۆلین - وارڤان)، جیهان ئەحمەد خوشكی هونەرمەندان (جەلال بەیار و جەمال دیلان)ـە.



PM:01:11:08/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 7716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت