تەندروستی دهۆك: تائێستا دۆخی كۆرۆنا لەژێر كۆنتڕۆڵدایە

‌د.نزار عیسمەت

وێستگە نیوز-

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك رایدەگەیەنێـ، تائێستا دۆخی تەندروستی شاری دهۆك بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، بەڵام ئەگەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەو شێوە خێرایەی كە ئێستا هەیە لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوام بێت بەدڵنیاییەوە بارودۆخی دهۆكیش خراپ دەبێت.

د.نزار عیسمەت بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، بێگومان دۆخی تەندروستی لەسەرانسەری كوردستان و عێراق خراپە، رۆژ بەرۆژحاڵەتی كۆرۆنا لە زیادبووندایە، زۆر زۆر تەشەنە دەكات لەبەرئەوە مەترسیەكە یەكجار زیاتر بووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر لە پارێزگای دهۆك دۆخی تەندروستی بەراورد بكەن بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق، دۆخی تەندروستی باشترە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە مەترسی نییە لەپارێزگای دهۆك ، نەخێر مەترسیش لە پارێزگای دهۆك یەكجار زیاتر بووە، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك . هۆكارێكی ئەوەیە ئەگەر سەیرێكی دوروبەری پارێزگای دهۆك بكەن، حاڵەتەكان یەكجار زۆر بوون بەتایبەتی لە هەولێر بارودۆخ زۆر خراپ بووە كە ڕۆژانە چەندین حاڵەت تۆمار دەكرێت، هەروەها حاڵەتی مردنیش هەیە، هەروەها لە سلێمانیش، لە توركیا و موسڵ و شوێنەكانی دیكەی عێراقیش ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە مەترسی دەوروبەری دهۆك یەكجار زۆرە".

د.نزار ڕوونیكردەوە، قەدەغەی هاتوچۆش لەنێوان پارێزگاكان لە 100% نەبووە، هێشتا بۆ چەندین حاڵەت هاتوچۆ هەیە، بۆ نموونە بازرگانی و چەندین حاڵەتی تایبەت لەنێوان پارێزگای دهۆك و پارێزگاكانی هەرێم و عێراق هەر هەیە، ئەگەر بەراوردی ژمارەی نەخۆشەكانیان بكەن لە پارێزگای دهۆك لە مانگی ڕابردوودا و هەتا ئەم مانگە ‌33 حاڵەت هەبوون، بەڵام ئەم مانگە ژمارەی حاڵەتەكان زۆر زیادیكرد بوو بە 141 حاڵەت ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە مەترسیەكە یەكجار زۆرتر بووە لە پارێزگای دهۆك.


سەبارەت بەهۆكاری ئەوەی بۆچی قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری دهۆك ڕانەگەیەنراوە؟، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك وتی "ژووری ئۆپراسیۆنەكان هەیە لە پارێزگای دهۆك ئەوان بڕیار دەدەن بێگومان بۆچونی تەندروستی سەرەكییە بەردەوام بۆچونی تەندروستی ڕەچاو دەكرێت لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان، جەنابی پارێزگار و قائمقام و دامودەزگای ئەمنی و دامودەزگای پەیوەندیدار هەن كە هەریەكەیان بۆچوونی خۆیانیان هەیە بۆ چاودێری كردنی نەخۆشی كۆرۆنایە، پێش ئەوەی بڕیاربدەین خەڵك لەماڵەوە بمێنێتەوە و قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنین دەبێت زیاتر هەڵسەنگاندنێك بكەین بزانین پێویستە قەدەغە ڕابگەیەنین یان بارودۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە و پێویست ناكات، باڵانسێك ڕابگرین، ئەم بابەتانە هەمووی دیراسە دەكرێت لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان پاشان بڕیار دەدەن".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك ئاماژەی بەوەكردووە، تائێستا دۆخی تەندروستی شاری دهۆك لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، ڕۆژانە پشكنینەكان ئەنجام دەدەن بۆ خەڵكی دهۆك ئەگەر لەشوێنێك پشكنینێك پۆزەتیف دەرچوو ئەوا ئەو خەڵكە كەرەنتین دەكەین بۆ ئەوەی نەهێڵن زیاتر تەشەنە بكات، بەڵام ئەگەر بڵاوبوونەوەی ڤایڕەسی كۆرۆنا بەو شێوە خێرایەی كە ئێستا هەیە لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوام بێت بەدڵنیاییەوە بارودۆخی دهۆكیش خراپ دەبێت و ئەوكاتە پێویستیان بە پشتیوانی زیاتر دەبێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی تەندروستی دهۆك.


AM:11:25:03/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت