پێشنیارێكی نوێی بەغداد بۆ هەرێم ئاشكرا دەبێت


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

پێشنیارێكی نوێی بەغداد بۆ هەرێم هەیە ئەویش بەپێدانی داهاتی خاڵە سنووری و گومرگەكان بەبەغداد، لەبەرامبەریشدا بەغداد مانگانە 200 ملیۆن دۆلار بەهەرێم بدات.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان بەوێستگە نیوزی رایگەیاند، ئەوەندەی لەئەندامانی شاندەكەیان بیستووە، بەرپرسانی بەغداد پێیان راگەیاندوون ئەوان ئیشیان بەنەوتی هەرێم نییە و دەتوانن هەرێم بیفرۆشێت، هەروەها داهاتی ناوخۆش بۆ هەرێم، بەڵام داوای داهاتی خاڵە سنوورییەكان و گومرگ دەكەن، لەبەرامبەریشدا مانگانە بڕی 200 ملیۆن دۆلار بەهەرێم دەدەن، بۆیە هەرێمیش دەبێت لەو رووەوە خۆی یەكلایی بكاتەوە كە ئایا ئەو پێشنیارەی پێ باشە یان نا.

هەفتەی رابردوو شاندێكی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی شاری بەغدادیان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق كۆبوونەوە.

دوێنێش سەرچاوەیەكی دیكەی نزیك لەو گفتوگۆیانە بەوێستگە نیوزی راگەیاند، حكومەتی عێراق لەنوێترین پێشنیاردا داوای تەواوی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستانی كردووە و لەبەرامبەردا بڕە پارەیەكی زیادە بەهەرێمی كوردستان دەدات.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیەی وێستگە نیوز، شاندی حكومەتی هەرێم پێشنیارێكی تازەیان هێناوەتەوە و بەغداد داوای داهاتی نەوتی فرۆشراو دەكات، بۆ نموونە داهاتی مانگی رابردووی نەوتی هەرێم 320 ملیۆن دۆلار بووە لەوەش 88 ملیۆن دۆلار و نیوی بۆ هەرێم بووە.

ئەو سەرچاوەیە وتی "ئێستا بەغداد داوای داهاتەكە دەكات و لەبەرامبەر بڕێك زیاتر پارە بەهەرێم دەدات و پارەی كۆمپانیاكانی نەوتیش دەدات، بەڵام قەرزی هەرێم ناداتەوە، بۆ خاڵە سنوورییەكان و گومرگیش بە نیو بەنیوە رێككەوتوون، بەو مەرجەی چاودێری دارایی لێ بێت و گومرگی لابەلاش دابخرێن".


PM:03:07:27/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 32416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت