لەئیدارەی گەرمیانیش پشوو راگەیەندرا

‌بەشێك لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لەگەرمیان

وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لەگەرمیان بۆ خۆپارێزی زیاتر لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاریدا لەسبەینێوە تا رۆژی 28ی حوزەیران پشووی فەرمی دەبێت.

لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لەگەرمیان چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ خۆپارێزی زیاتر لەڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمانەش دەقی بڕیارەكانن.

داواكارین لەحكومەتی هەرێم مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش بكات و لەوەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و پێشمەرگەوە دابەشكردنی مووچە دەست پێبكات، ئەوەش لەپێناو راپەڕاندنی كار و ئەركەكان بەشێوەیەكی باشتر بۆ رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لەڕۆژی 22ی حوزەیران تا 28ی حوزەیران لەسەرجەم فەرمانگە و دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم پشووی فەرمی دەبێت جگە لەكەرتی تەندروستی و دەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەو فەرمانگە خزمەتگوزارییانەی ئەرك و ئێشكگرییان هەیە.

هاتووچۆی نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگاكانی تر و دەرەوەی وڵات بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.

داخستنی سەرجەم مزگەوتەكان و پەرستگا ئاینییەكان لەڕۆژی 22ی حوزەیران تا رۆژی 1ی تەموزی 2020، تەنها رێگە بەئەنجامدانی نەشتەرگەری لەو نەخۆشخانانە دەدرێت كە بەشی كتوپڕیان هەیە و سەرجەم نەشتەرگەری سارد رادەگیرێت.

هەر عیادە و تاقیگە و نەخۆشخانەیەكی ئەهلی و دەرمانخانە و نۆرینگەیەك پابەند نەبێت بەڕێنماییە تەندروستییەكان دادەخرێت و رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لەڕۆژی 22ی حوزەیران تا رۆژی 1ی تەموز چێشتخانەكان دەتوانن تەنها بەدیلیڤەری كار بكەن و چایخانە و قاوەخانە و ساردەمەنی و شیرینی، بەبێ شوێنی دانیشتن بەردەوام دەبن لەكاركردن لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن، بەپێچەوانەوە بەداخستنی شوێنەكانیان سزا دەدرێن.

لەڕۆژی 22ی حوزەیرانەوە كافتریا و نێرگەلەخانە و مەلەوانگە و پارك و شاری یاری و سەرجەم شوێنەكانی كات بەسەربردن دادەخرێن.

هۆیەكانی گواستنەوەی ناوخۆیی مینی پاس و تەكسی، پێویستە لەگەڵ جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان كار بكەن، هەر شۆفێرێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی سێ رۆژ دەستبەسەر ئوتومبیلەكەیدا دەگیرێت.

سەرجەم مۆڵ و ماركێت و دوكاندار و پیشەوەر و شوێنی كار و كاسبكاران لەسەنتەری بازاڕ و شوێنەكانی تر، پابەند نەبێت بەڕێنماییە تەندروستییەكان بۆ ماوەی سێ رۆژ كارەكەی دادەخرێت.

دانانی پرسە لەماڵان و ئاهەنگ و بۆنە و سازدانی هەموو كۆڕو كۆبوونەوەیەكی كۆمەڵایەتی قەدەغەیە و هەر هاوڵاتییەك سەرپێچی بكات رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێنەبەر.

پێویستە لەكاتی گیانلەدەستدانی هەر هاوڵاتییەك بەهەر هۆكارێك پزیشكی دادوەریی ئاگادار بكرێتەوە پێش بەخاكسپاردنی، لەكاتی مەراسیمی بەخاكسپاردنیشی پێویستە قەرەباڵغی دروست نەكرێت و رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكرێت.




PM:03:31:21/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو