دوای گەڕاندنەوەی پارێزبەندی بۆی، سۆران عومەر پەیامێک بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری کۆبونەوەی 7ی ئایاری پەرلەمانی کوردستانی سەبارەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر هەڵوەشاندەوە، ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە رێگریان کرد لە "بەکارھێنانی زۆرینەیەکی ناسایی کە دەبوو بە پێشینەیەکی خراپ".

سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، "دوای ئەوەی بەنایاسایی کۆبونەوەی 7ی ئایار ئەنجامدرا بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی سەر بەندە، پاشان بڕیاری ژمارە 4ی لێکەوتەوە، لە 19ی ئایار تانەیەکم ئاراستەی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان کردو داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نایاساییەم کرد، پشت بەستوو بەمادەکانی پەیڕەوی ناوخۆ، لەپێناو گێڕانەوەی شکۆ بۆ پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان تاکو ئەم بڕیارە نایاساییە نەبێتە پێشینەکی نایاسایی خراپ کەمەترسی بوو بۆ کاری پەرلەمانی".

باسی لەوەشکردوە، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە ٤ ی ھەڵگرتنی پارێزبەندی، ئەو کەسانەشی پێی وایە ئەم بڕیارەی سەرۆکی پەرلەمان دەباتە ئەنجومەنی شورا نایاساییە و لەدەسەڵاتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نیە نوسراو ئاراستەی ئەنجومەنی شورا بکات، پشت بەستوو بە بڕگەی یەکەم لەمادەی دەیەم لە یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2008ی ئەنجومەنی شورا، تەنھا لەدەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە داوای ڕاوبۆچون لە ئەنجومەنی شورا بکات.

لەبارەی گرتنەبەری رێکاری دیکەش لەلایەن ئەو فراکسیۆنانەی بڕیارەکەیان دەرکردوە سۆران عومەر دەڵێت، ئەگەر ئەو لایەنانە دادگاش بگرنەبەر، ھیچ بڕیارو کۆبونەوەیەکی پەرلەمان ناکەوێتە تایبەتمەندی دادگای کارگێڕی بۆ تانە لێدان.


AM:09:01:16/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 17904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو