پارێزگاری سلێمانی بۆ خۆپارێزی زیاتر لە كۆرۆنا سێ ئەركی دیاری کرد

‌د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی

وێستگە نیوز ـ
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەركی دام و دەزگاكانی دەوڵەت و دەستەبژێر و خودی هاوڵاتیانیشە پێكەوە كار بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن و هەر شوێنێك پابەندی رێنماییەكان نەبوو دابخرێت.


د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەپەیامێكی نوێیدا بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا رایگەیاندووە، ئەم دۆخە وادەخوازێت ئیرادەی هاوڵاتیان‌و ئیدارەدانی دەوڵەت، ئەخلاق و قانون، بەرپرسیارێتی ویژدانی ‌و كەسی‌ و كۆمەڵایەتی ‌و یاسایی‌ و دەوڵەتی، هاوڵاتیان‌و حكومەت‌و دامەزراوە مەدەنییەكان، بەیەكەوە لەسەر ئەم سێ‌ تەوەرە، جیاكارییانەو تەواوكارییانە كار بكەن.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەكردوە، فەرمانگە و دامودەزگاكانی دەوڵەت، پێویستە بڕیارو ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكان بەوردیی‌و بەتوندیی‌و بەخێرایی‌و بەبێ‌ چاوپۆشیی‌و كەمتەرخەمیی‌و بۆڵبژێریی‌و جیاكاریی بە بەرپرسیارانەو دادپەروەرانەو یاساییانە، جێبەجێ‌ بكەن.

وەك لە بەیان‌و بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دیارییان كردووە، ئەركی هەر فەرمانگە و دامودەزگایەكی دەوڵەتییە ڕێكارو ڕێنمایی ورد لەسەر بنەمای ڕێنماییە خۆپارێزییە تەندروستییەكان دەربكات‌و هەر سێكتەرو شوێن‌و كەسێكی تایبەت بەو سێكتەرەی خۆیان ئاگادار بكەنەوە بە پەیڕەوكردن‌و پابەندبوونیان بە ڕێنماییەكانەوە، بەپێچەوانەوە لەلایەن ئەو فەرمانگاو دامودەزگا دەوڵەتییە پەیوەندیدارەوە بە هەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكانی سنورەكەوە ڕێكاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەرو سێكتەرو شوێنەكەیان دادەخرێت‌ و لە میدیاكان بڵاودەكرێتەوە.

ناوبراو وتویەتی "هاوڵاتیان‌و هەموو كایەكانی دیكە پێویستە یەك بەیەكیان پابەندیی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی‌و خۆپارێزییەكان بن‌و ئاستی خۆپارێزیی خۆیان بەرزبكەنەوەو لە هەر بەریەككەوتن‌و تێكەڵاوبوون‌و كۆڕو كۆبوونەوەو قەرەباڵغییەك، لە هەر بۆنەیەكی شادیی‌و شایی‌و شین‌و نەخۆشیی‌و خۆشیی‌و ناخۆشیی‌و ئایینی‌و كۆمەڵایەتی خۆیان بەدوور بگرن، لە هەوڵی بەردەوامیی خۆپاراستنی تەواودا بن‌و هانی دەوروبەرەكەشیان بدەن بۆ خۆپارێزیی زیاتر".

هەروەها دەڵێت "خۆپارێزیی‌و سزای كۆمەڵایەتیی ‌و یاسایی هاوبەشن، لێرەدا پێویستە هاووڵاتیانی بەڕێز چاودێری وردی دۆخی تەندروستی‌و خۆپارێزیی گشتیی‌و كۆمەڵایەتیی بكەن، بەومەبەستەی لە هەر شوێن‌و بازاڕو كۆمپانیاو كایەیەكی گشتی‌و تایبەتیدا، ئەگەر بینییان خاوەن ‌و كارمەندی شوێنەكان، پابەندی ڕێنماییەكان نابن، سەرزەنشتیان بكەن‌و كەلوپەلیان لێ نەكڕن و دابڕیان بكەن تا ئەوكاتەی پابەند دەبن‌و، لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەتیان لێ ئاگاداربكەنەوە بۆئەوەی ئەو شوێنانە بەفەرمیی دابخەن".


PM:03:25:09/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 5340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو