وەزارەتی تەندروستی: ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆی جەژن نەبوایە، ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا دوو هێندە دەبوو

‌د.محەمەد قادر خۆشناو

وێستگە نیوز-

د.محەمەد قادر خۆشناو وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، تووشبوونی 6 حاڵەت یان 20 حاڵەت لە ڕۆژێكدا لەهەرێمی كوردستان هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانكراودان و ئەوان بەحاڵەتێكی وای نابینین كە لە كۆنتڕۆڵ دەرچوو بێت، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر هاتوو ئەم سێ ڕۆژەی جەژن ئەو قەدەغەی هاتوچۆیە نەبوایە و بەركەوتنەكان زۆر بوایە ئەوان گریمانەی ئەوە دەكەن لەڕووی زانستییەوە ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان چەندین هێندەی ئێستا زیاتر بوایە.

د.محەمەد قادر خۆشناو وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، ژمارەكانی كۆرۆنا لەم چەند ڕۆژەی دوایدا گەیشتۆتە نزیكەی 110 حاڵەتی نوێ، ئەو ژمارەیە بەڕاستی ژمارەیەكی بەرزە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوان هێشتا ئەو ژمارەیە لە ئاستی چاوەڕوانكراودا دەبینن، بەڵام هەڵكشانێكی زیاد لە پێویستە بە بەراورد بە ژمارەكانی دیكە.

ناوبراو وتویەتی "ناتوانم بڵێم شەپۆلی دووەمە، بەڵام بارودۆخەكە زۆر مەترسیدارە و  سەرچاوەی بەشێكی زۆری تووش بوونی ئەو حاڵەتە نوێیانە نەزانراوە، ئەمەش وا دەكات هەڵگری ئەو جۆرە پەتایە ئێستا لەناو كۆمەڵگە بوونی هەبێت و كەسەكانی دیكە تووش بكات بەبێ ئەوەی دیاری كرابێت."

د.محەمەد قادر خۆشناو ئەوەشی وتووە "مەترسیەكە لە ئێستادا بەرزترە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنرێتەوە لەبەر هەریەكە لە بارودۆخی ئابوری هاوڵاتیان بێت یا هۆكارێكی دیكە بێت ئەوا قەدەغەی هاتوچۆ هەڵگیرا بەركەوتنەكان یەكجار زۆر بووە ، وە بەڕاستی پابەندبوون لەلایەن هاوڵاتیانەوە یەكجار كەم بوویەوە ، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی جیهانیش ئەم پەتایە هەر بەردەوامی هەیە ، حاڵەتی نوێ هەر دەستنیشان دەكرێت، بۆیە گریمانەی توشبوونی حاڵەتی نوێ شتێكی چاوەڕوانكراوە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونیكردۆتەوە، تائێستا ئەوان هیچ پێشنیارێكیان نیە بۆ درێژ كردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ، بەڵام زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە بە بەردەوامی ئەو ڕێنماییانە لەلایەن نەخۆشخانەكان و فەرمانگەكان لە هەمووی سەرەكی تر لەلایەن هاوڵاتیان كە كاریگەری لەهەر هەموویان زیاترە جێبەجێ بكرێت.


PM:01:34:27/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 1708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو