سوپای پاسداران داوای به‌ په‌له‌ له‌ سێداره‌دانی به‌ندكراوێكی سیاسی كورد ده‌كات

‌ئەرسەلان خودکام

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسی سزادراو بە سێدارە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە راگیراوە، مەترسی جێبەجێ کرانی سزاكه‌ی لەسەرە و بنەماڵەکەی رایانگەیاندووە کە سوپای پاسداران داوای بەپەلە لە سێدارەدانی کردووە.


بەپێی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی ئەرسەلان خودکام (سوهرابی) بەندکراوی سیاسی سزادراو بە سێدارە، یەکلایی بووەتەوە و ئەگەری جێبەجی کردنی سزاكه‌ی دوای تەواو بوونی مانگی رەمەزان زۆرە.

یەکێک لە نزیکانی ئەرسەلان خودکام رایگەیاندووه‌، "داواکاری گشتی بە بنەماڵەیەکه‌یانی راگەیاندووە کە سوپای پاسداران لایەنی سکاڵای دۆسیەی ئەرسەلان خودکامە و ئێمە بۆ بەڕێوەبردنی سزای سێدارەکەی لە ژێر گوشار سوپای پاسدارانداین و زیاتر لەمە ناتوانین ئەو سزایە رابگرین".

ئەرسەلان خودکام تەمەن 47 ساڵ، رۆژی دووشەممە 23ی ئاپریلی 2018، لە حالێکدا ئەندامی سوپای پاسداران بوو و بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکێکی ئەو ناوەندە ئەمنیە بەرەو شاری شنۆ رۆشتبوو، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) دەستبەسەر کرا.

ناوبراو هاوینی 2018، لەلایەن لقی 32ی دادسەرای سەربازی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حزبی دیموکرات سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە راگیراوە.

ناوبراو لە کاتی دادگایی کردندا مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و دادگا بریكاری تەسخیری کە قازیەکی خانەنشینی دادسەرای سەربازی بووە بۆی داناوە و نابراو و بە بنەماڵەکەی راگەیاندووە کە راگرتنی سزای سێدارەی ئەرسەلان تەنیا لەدەستی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێراندایە.

ئەو هاوڵاتیە مەهابادیە پێشتر بۆ ماوەی یەک ساڵ ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دواتر گەڕاوەتەوە ئێران و دەستبەسەر و بە هۆی ئەوەی سکاڵاکەری تایبەتی نەبووە و ئازاد کراوە.

ئەرسەلان خودکام (سوهرابی) دوای گەڕانەوەی بووەتە ئەندامی سوپای پاسداران و ماوەی 16 ساڵ واتە تا کاتی دەستبەسەرکران لەوێ چالاک بووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سوهرابی کە بە هۆکاری ئەمنیەتی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەمبارەوە بە هەنگاوی راگەیاند، ئەرسەلان بۆ ماوەی 36 رۆژە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ژێر ئەشکنەجە بوە و 40 کیلۆ لە کێشی خۆی لەدەست داوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپا نەشمیل قۆیتاسی، ژنی ئەرسەلان خودکامیان دەستبەسەر و دوای ئەوەیکە ئەسکەنجەیان داوە و ئەرسەلان گوێی لە هاواری و گریانی ژنەکەی بووە وتوویەتی کە کارتان بە ژنەکەم و کوڕەکەم نەبێت و هەرچیتان دەوێت دانی پێدا دەنێم و بە ئەستۆی دەگرم.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا رایگەیاند: ئەرسەلان ناچار بووە دان بە 54 حاڵەتی هاوکاری لەگەڵ حزبی دیموکراتدا بنێت.

نەشمیل قۆیتاسی، له‌ ساڵی 2018  دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی 50 ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا و مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ لە لایەن لقی یەکی دادگای ئورمیەوە و بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەی سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هــ. ر


AM:09:31:17/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو