كۆمەڵەی میوانخانەو چێشتخانەكان: زیاتر لە شەش هەزار كرێكار بێكاربوون

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگە نیوز ـ پشتیوان جەمال
لقی سلێمانی كۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەكان رایدەگەیەنێت، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیاتر لە شەش هەزار كرێكار لە میوانخانە و چێشتخانەكان بێكار بوون و 1300 شوێنیش داخراون.

مەحمود تۆفیق، سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەكان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، بەهۆی داخستنی شوێنەكان لەكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تائێستا لەناو سنووری پارێزگای سلێمانی لەچێشتخانە و رێستۆرانت و هۆتێل و مۆتێل و كافێكان شەش هەزار و 130 كرێكار بێكاربوون و 1300 شوێنیش داخراون و نزیكەی 80 شوێن كراونەتەوە.

ناوبراو وتی: "بێكاربوونی ئەو كرێكارانە ژمارەیەكی زۆرە و هەمووشیان دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەدەن، هیوادارین لەدەستەبەری حكومەتی هەرێم قەرەبوو بكرێنەوە و بەبۆنەی مانگی رەمەزان و جەژنی رەمەزانیەوە ئەو شوێنانەی گەورەن و بەركەوتەیان كەمە بیانكەنەوە".

به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا و، دوای ئاسایی بوونه‌وه‌ی ژیانی هاووڵاتییان و كردنه‌وه‌ی چه‌ند دوکان و بازاڕێک، هێشتا چەند شوێنێکی تر ماون بکرێنەوە لەوانە: یانەو هۆڵەکانی‌ ئاهەنگی‌ شەوانە، یانەکانی‌ مەی خواردنەوە (باڕ)، کافتریا، نێرگەلەخانە، چایخانە، مەلەوانگە، گەرماو (حەمام) و سەنتەرەکانی‌ لەشجوانی‌، یاریگاکانی‌ وەرزشی‌ گەڕەکەکان، هۆڵەکانی‌ وەرزش، هۆڵەکانی‌ بوک گواستنەوە و هۆڵی‌ بۆنە ئاینی‌ و کۆمەڵایەتییەکان و سەنتەرەکانی‌ مەساج و گازینۆکان و کافتریا و ڕێستۆرانتی‌ باخچەکان بە داخراوی‌ ماونەتەوە.


PM:02:54:02/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 3120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو