پلانی پەروەردە بۆ ئەگەری نەكردنەوەی قوتابخانەكان لەسەرەتای مانگی ئایار ئاشكرا دەكرێت


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم پلانی وایە ئەگەر لەڕۆژی 2ی ئایار نەتوانرا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، دەرگای قوتابخانە و خوێندنگەكان بكرێنەوە، ئەوا بەشێوەی ئۆنلاین (پاڵپشتیكار) درێژە بەخوێندن بدرێت.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپەروەردەی سلێمانی بۆ وێستگە نیوز، وەزارەتی پەروەردە چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایە بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن تا بزانرێت ئایا بەتەواوی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆنتڕۆڵ كراوە یان نا، پاشان بڕیار لەكردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەكان بدرێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، تا كۆنترۆِڵی ڤایرۆسەكە بەتەواوی نەكرێت، كەمێك قورسە قوتابخانە و خوێندنگەكان بكرێنەوە، چونكە لەكوردستان بینای خوێندن كەمە و خوێندكارانیش زۆرن، بۆیە ئەو قەرەباڵغییە رەنگە مەترسی دروست بكات.

پێشتریش ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەگەر ڤایرۆسی كۆرۆنا رێگە بدات رۆژی 2ی ئایار دەست بەدەستپێكردنەوەی خوێندن دەكەن و ناهێڵن خوێندنی ئەمساڵ بفەوتێت.

سەرچاوەكە وتی "ئەگەر كۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەكە رێگە بدات ئەوا لەو كاتەدا خوێندن دەست پێدەكاتەوە، ئەگەریش نەتوانرا بەو شێوەیە خوێندن دەست پێبكرێتەوە، پلان وایە بەشێوەی ئۆنلاین واتە (پاڵپشتیكار) خوێندن دەست پێبكاتەوە هەرچەندە دەزانین ئەو رێگەیەش ئاسان نییە، بەڵام ئەوەیان ئارەزوومەندانەیە و لەوە باشترە هیچ نەخوێندرێت، بەڵام بەكۆی گشتی ئەمساڵ ناهێڵین خوێندن بفەوتێت".

لەگەڵ نزیكبوونەوە لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 26ی شوبات دەوامی لەقوتابخانە و خوێندنگەكان راگرت.


PM:03:33:20/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 73208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو