یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تایبه‌ت به‌ رێكاره‌كانی یاسای چاكسازی به‌ڕێوه‌چوو

‌مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی كرد و لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی راپۆرتی وەزارەتەکانی پەسەند کرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرد، دوای ئەوەی پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکراو و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستانیش بڵاوکرایەوە.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون، گفتوگۆ دەربارەی میکانیزم و چوارچێوەی یاسایی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرا.

سەرۆکی حکومەت بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە جەختی لەوە کردووە کە، "ئەنجامدانی چاکسازی بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانجیش لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بەدیهێنانی دادپەروەریی و شایستەبوونە و دەبێ هەموو بوار و سێکتەرەکانیش بگرێتەوە، دابینکردنی ماف وئیمتیازاتی یاسایی مووچەخۆرانی راستەقینە و شایستە ئامانجی سەرەکیمانە".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: دوای ئەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەکان راپۆرتی تایبەتیان سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستەڕوو. لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی راپۆرتی وەزارەتەکانی پەسەند کرد، و گشت وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت ڕاسپێردران بە پێکهێنانی لیژنە لاوەکیەکان و دەستبەکاربوونیان لە زووترین کاتدا لە چوارچێوەی ماددە و بڕگەکانی یاسای چاکسازیی.

هــ. ر


PM:07:03:08/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو