نێچیرڤان بارزانی: عیراق قهرهبووی زیان لێكهوتوانی ههڵهبجهی نهكردووهتهوه
نێچیرڤان بارزانی
وێستگه نیوز ـ
سەرۆکی هەرێم بەبۆنەی ساڵڕۆژی یادکردنەوەی کیمابارانی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی عیراقی فیدراڵ، ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای ھەڵەبجە و ھیچ دەڤەرێکی دیکەی کوردستان".
لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەی شەھیددا تێدەپەڕێت کە لەلایەن رژێمی پێشووی عیراقەوە ئەنجام درا و بووە ھۆی شەھیدبوونی پێنج ھەزار ھاوڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی ھەزارانی دیکە و ئاوارەبوونی ھەزاران خێزان، تا ئێشتاش کاریگەریی و لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەسەر باری تەندروستی و دەروونیی خەڵک و ژینگەی ناوچەکەوە ھەر بەردەوامە".
سەرۆکی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، "یادکردنەوەی ئەم کارەساتە، رێزگرتنە لە قوربانییانی گەلەکەمان، بەتایبەت شەھیدانی ئەو کارەساتە و جەختکردنەوەی بەردەواممانە لەسەر گرتنەبەری ھەموو رێوشوێنێک بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی ئاوا و جینۆسایدی گەلی کوردستان و ھەر گەل و پێکھاتەیەک لە ھەر شوێنێکی جیھاندا بە ھەر بیانوویەک".
لەپەیامەکەی سەرۆکی هەرێمداهاتووە "لەم یادەدا دووبارە جەخت دەکەینەوە لە بایەخدانی تایبەت و زیاتر بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانییانی چەکی کیمیایی، لەم لایەنەشەوە بێگومان کاری زۆر ماوە بکرێت کە شایستەی پارێزگای ھەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرزەکەی بێت".
نێچیرڤان بارزانی، داواشی لە حکومەتی عێراق کردووە، لەبارەی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەڵەبجە و سەرجەم زیانلێکەوتووانی کوردستان لەدەست ڕژێمی پێشوو وەک بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات".
لە 16ی ئازاری 1988، رژێمی پێشووی عیراق شاری هەڵەبجەی کیمیابارن کرد، کە زیاتر لە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش بریندار و ئاوارە و دەربەدەربوون.
هــ. ر
PM:01:49:16/03/2020
ئهم بابهته 1532
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت